كێشەی خراپیی جۆری بەنزین چارە دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "هۆكاری خراپیی جۆری بەنزین بۆ ئێمە ئاشكرا كراوە و لە ئێستایشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەستی بەچارەكردنی ئەو كێشەیە كردووە".
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هۆكارەكانی خراپیی جۆری بەنزینیان دیاری كرد و لەگەڵ لیژنەی ئێمەدا زۆر گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی ئەو كێشەیەوە كرا، بۆیە ئاشكرا بوو كە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك كاری تێدا دەكرێت، ئەمەیش دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەنزین، هەر لەبەر ئەوەیش لە كەركووك بەنزین هاوردە دەكرێت و لەگەڵ بەنزینی دیكەدا تێكەڵاو كراوە، بۆیە جۆرەكەی خراپ بووە".
(دۆسكی) گوتیشی، بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە بڕیار درا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان فەرمانگەی كۆنتڕۆڵی خۆی زیاتر چالاك بكات و بە بەردەوامی پشكنینی جۆری بەنزین بكرێت و، هەندێك رێكاری دیكەیش وەزارەت خۆی دەیانگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارە ببێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند، لە ئێستادا دەست بە چارەكردنی كێشەی خراپیی جۆری بەنزین كراوە و، بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو كێشەیە چارە بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




