٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزە کوردستانییەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی و شاندەکەیان بە سەرکەوتووترین سەردانی سیاسیی هەرێم راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هێزە کوردستانییەکان سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا بەرز دەنرخێنن و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشیاندا دەڵێن "سەردانی (سەرۆک بارزانی) و شاندەکەیان سەرکەوتووترین سەردانی سیاسی، ڕەسمیی سەرۆکایەتیی هەرێمه‌؛ ئامادەیی تەواویشیان دەربڕی کە هەر بڕیارێکی هاوبەش، ببێتە مایەی دەستەبەری سیاسیی مێژوویی، بۆ ئەم قۆناخە هەستیار و پڕ لە ئاڵوگۆڕە، دوای لێکدانەوەی هەمەلایەنەی ئەگەرەکانی و لێکەوتەکانیش، دەبێ هاوهەڵوێست و هاوئاراستە بین.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان

گەلی ئازادیخوازی کوردستان

هێزی پێشمەرگەی قارەمان

کەسوکاری شەهیدان

رۆژى 18ى5ى 2015، هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر بانگهێشتى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ندامانى وه‌فدى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌مریكا و هه‌نگاریا و چیك، هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر سه‌فه‌رى سه‌ركه‌وتووى وه‌فده‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌.

سەرەتا، جەنابی سەرۆکی هەرێم باسی کۆبوونەوەکانی کرد لە ئەمه‌ریکا، لەگەڵ جەنابی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا و  جێگرەکەی و گەورەکاربەدەستەکانی وڵاتەکە. لە کۆبوونەوەکەدا، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخی عێراق، کوردستان، شەڕی داعش و کێشە جۆراوجۆرەکانی ڕوون کردووه‌تەوە. بەرپرسە بەڕێزەکانی ئەنجوومەنی سێنات، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و ناوەندە جیاوازەکانی دەربەست بە دۆخی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆشبەختانە، تێکڕا، ڕێزێکی بێ ڕادەیان بۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەبوو. هاوکات، بەچاوی ڕێزی سیاسی و مرۆییەوە، سەیری داڵدەدانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو دەربەدەری عێراق و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، بە تایبەت مەسیحییەکان و ئایینزاکانی دیکە، لە کوردستاندا کرا.

لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمه‌ریکا و جێگرەکەی و کاربەدەستە بەڕێزەکانی دیکەدا، سەرۆکی هەرێم و وەفدی یاوەری، بە دڵنیاییەکی ساسیی جیاواز لە قوناخەکانی ڕابردوو، سەبارەت بە پشتیوانیی کورد و سیاسەتی چارەنووسی گەلی کوردستان، گەڕانەوە. ئەم دڵنیاییە، لە وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا و بە بەشداریی سەرۆکی ئەمه‌ریکا و جێگرەکەی لە کۆبوونەوەی ڕەسمیدا، دەیسەلمێنێ، کە هەموو سیاسیەکانی ناوچەکە و عێراق و کوردستان، سەرباری ئەم شەڕە نەگریسەی داعش، کە بۆ ئەم قۆناخە، ئەرکی سەرەکیی گەلی کوردستانیشە، داعش و پیلانەکانی لە عێراق و ناوچەکەشدا ورد و خاش بکرێت، بەڵام هاوکات، گەلی کوردستان مافی خۆیەتی، چارەی خۆنووسینی، لەبەردەم ئەگەرەکاندا بکاتەوە.

لە سەردانی هەنگاریاشدا، لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە و سەرۆکوەزیران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوتوێی دۆخی عێراق و کوردستان و ناوچەکەش کراوە، لەو کۆبوونەوانەشدا، جگە لە دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئامادەیی تەواوی پشتیوانی بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگە، پێشان دراوە.

دواوێستگەی سەردانی سەرۆکی هەرێم و هەڤاڵەکانی، وڵاتی چیک بووە. لە چاوپێکەوتنی سەرۆکی وڵاتەکە و گەورە بەرپرسانی، دۆخی عێراق، کوردستان، شەڕی بەرگری و پێشمەرگەیان بۆ باس کراوە. خۆشبەختانە، بەڕێز سەرۆکی کۆماری چیک و گەورە کاربەدەستانی تریش، بە وردی لە دۆخی کوردستان و ئامانجەکانی گەلەکەمان، ئاگادار بوون و ئامادەیی ئەوپەڕی پشتیوانی سیاسی و سەربازی و ئابووریی کوردستانیان داوە و گفتیش دراوە درێخی لە پشتیوانیمان نەکەن.

جەماوەری کوردستان:

هێزە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکە، دوای گوێگرتن لە جەنابی سەرۆکی هەرێم و ڕاپۆرت و کێشمەکێشی نەوت، لەلایەن  جێگری سەرۆکی حکوومەتەوە، کۆبوونەوە، سەردانەکانی وەفدەکەیان بە سەرکەوتووترین سەردانی سیاسی، ڕەسمیی سەرۆکایەتیی هەرێم، زانی و ئامادەیی تەواویان دەربڕی کە هەر بڕیارێکی هاوبەش، ببێتە مایەی دەستەبەری سیاسی مێژوویی، بۆ ئەم قۆناخە هەستیار و پڕ لە ئاڵوگۆڕە، دوای لێکدانەوەی هەمەلایەنەی ئەگەرەکانی و لێکەوتەکان، هەموو لایەنەکان، لەو باوەڕەدابوون، دەبێ هاوهەڵوێست و هاو ئاراستە بین. چیش پێویستە بۆ ئەوەی تەنگوچەڵەمە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوەکانی سیستمی حوکمڕانی و داوودەزگەکانی، لە بازاڕی ئازاد، یان هەر بوارێکی دیکە، چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی متمانەی هێزەکان و ڕای گشتی، باشتر بسازێنین، دەبێ هەنگاوی پراکتیکی بۆ هەڵبگرین.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی نەوت، بەشیکی گرینگی باسەکان بوو. کۆبوونەوە هیوادارە حکوومەتی عێراق و دەوڵەتمەداری حکوومەتەکە، چیتر دەستی بە دەستی بە مافی سامان و داهات و بودجە و مووچەی بڕیار لێدراوی هاوبەشی حکوومەتی عێراق و کوردستان، نەکات، بەڵکو بە زووترین کات دەبێ ئەم کێشەیە چارەسەری یاسایی بکرێت. تەنها ئەوەش دڵنیایی دەداتە ئارامکردنی پەیوەندیی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا. بۆ ئەم چارەسەرەش، تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەرپرسیارن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و بڕیارە هاوبەشەکان، هەڵوێستی کاریگەرتر و ڕوونتریان هەبێت.

وەکو تر، هێزە بەشدارەکانی کۆبوونەوە، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ڕێگە چارەسەری ئابووری و دەستەبەری ژیان و بژێوی خەڵک، بکەن. لەم بارەیەوە، جەخت کرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاسای شایستە داراییەکانی ژمارە 5ـی ساڵی 2013 پەرلەمانی کوردستان، وەکو بنەمای سیاسەتی ئابووری، پەیڕەو بکات.

کۆبوونەوە، بە سۆزی نەتەوەیی و خۆشەویستییەکی فراوانەوە، قارەمانێتی و قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەبەرچاو گرت و ئامادەییان دەربڕی، هەموو پشتیوانییەکی بکەن. ڕاسپاردەشی بۆ حکوومەت ئەوەیە، بە زووترین کات تەنگوچەڵەمەی هێزی پێشمەرگە چارەسەر بکرێت، چارەسەریش بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان لەپێشەوەی ئەرکەکانمانە.

·  سڵاو بۆ شەهیدان

·  هەر بژی هێزی پێشمەرگە

·  تۆکمە بێ ڕیزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار