دیاری هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید گەیەنرایە کەورگۆسک

هەولێر-KDP.info- لە كەمپی كەورگۆسك دیاریی هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدریدی ئیسپانیایی بەسەر 15 تیپی تۆپی پێی كەمپەكەدا دابەش كرا.
پاش ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێگەی باڵیۆزی مرۆیی لەوڵاتی ئیسپانیا توانی چەندین دیاریی جۆراوجۆری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیایی بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دابین بكات و دابەشی سەریانی كرد، رۆژی 17/5/2015 بۆ جارێكی دیكە لەلایەن باڵیۆزی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كاروباری مرۆیی لە وڵاتی ئیسپانیا (ئیسحاق تۆتۆملۆ)، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدریدی ئیسپانیایی ئەنجام دا و، لە دەرەنجامی ئەو دیدارانەدا، هەریەكە لەو دوو یانە ئیسپانیاییە بڕیاریان داوە بە بەخشینی تیشێرت و تۆپی پێ بەشداری لە هاوكاریكردنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەو میانەیەدا لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی كەمپەكە، هەستان بە دابەشكردنی 100 تیشێرت و 150 تۆپی پێ بۆ 15 تیپی وەرزشی لە هەریەكە لە كەمپەكانی كەورگۆسك و دارەشەكران. هەروەها هەوڵ دەدرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دیاری و هاوكارییەكانی یانە بەناووبانگەكانی دیكەی ئەورووپا بۆ پەنابەران كۆ بكرێنەوە، بە تایبەتی یانەی بایرن میونشینی ئەڵمانیایی.




