٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌ وێنه‌؛ ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم شەش داعشی لە هەولێر دەستگیر كردن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەكانی ئەنجوومەنی ئاساییشدا، توانرا گرووپێكی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بكرێت و سەرجەم پیلانەكانیان پووچەڵ بكرێتەوە.

ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئاماژەی داوە كە، گرووپێكی تیرۆریستیی داعشیان دەستگیر كردووە و پیلانەكانیشیان پووچەڵ كردوونەتەوە.

 ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، ئەم گرووپە دەستگیركراوە لە شەش تیرۆریست پێك دێن و سەرجەمیان دانیشتووی هەولێرن، تیرۆریستان ددانیان بەوەدا ناوە، لە رێگەی كەسانی توندڕۆ لە مزگەوتەكان كە بە بیری توندڕۆیی پەروەردە كراون، پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش گرێ داوە.

ڕوونیشی دەكاتەوە، ئەم گروپە تیرۆریستییە لەلایەن داعشەوە داوایان لێ كراوە كردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستە گرووپەكە 18 بۆمبیان ئامادە كردووە و چەند شوێنێكی مەدەنییان دەستنیشان كردووە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و تێكدانی باری ئارامی كوردستان، بەڵام بە چاوكراوەیی دامودەستگاكانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان،  پێش ئەوەی ئەم گرووپە پیلانە گڵاوەكانیان جێبەجێ بكەن، دەستگیر كران و سەرجەم ماددەكانی تەقینەوەیش دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت، "بە پێویستی دەزانین سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەین كە بەردەوام هاوكار و پاڵپشتی دەستگا ئەمنیەكانن، كەسوكاری هەندێك لەو تیرۆریستانەیش لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هاوكاری دەستگا ئەمنییەكان بوون. لێرەیشەوە داوا لە لایەنە پەروەردەیی و ئایینییەكان و خانەوادە بەڕێزەكان دەكەین، هەوڵی جیددی و هەمەلایەنە بدەن، لە پێناو هۆشیاركردنەوەی گەنجان و پاراستنیان لەو تەوژمە توندڕۆیی و تیرۆریستییەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە، بە تایبەتی ئەركی زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لەم رووەوە بە گرینگ و پێویست دەزانین تاكو لە رووی هزرییەوە رووبەرووی فیكری توندڕۆیی ببنەوە، كە فكرێكی نامۆیە بە كۆمەڵگەی كوردستان".

هەواڵی پەیوەندیدار