بەرپرسێکی لیبیا: داعش تیرۆریستانی لەگەڵ پەنابەراندا ڕەوانەی ئەورووپا دەکات

هەولێر-KDP.info- هەندێکی قاچاخچییەکانی لیبیا دەڵێن، داعش بەو مەرجە ڕازی بووە کە ئەوان کاری قاچاخچێتییان بکەن و خەڵکی بۆ ئەورووپا بەڕێ بکەن، کە نیوەی داهاتەکەیانیان بدەنێ.
بەرپرسێکی لیبیایش جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، تیرۆریستانی داعش، لە ڕێی قاچخچییەکانی خەڵکەوە و بە دەریای نێوەڕاستدا، تیرۆریستانیان ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپایی دەکەن.
ڕاوێژکاری حکوومەتی لیبیا(عەبدولباسیت هاڕوون)یش دووپاتی دەکاتەوە کە، قاچاخچییەکان چەکدار دەخزێننە نێو ئەو بەلەمانەی کە پڕیانە لە پەنابەر و بەرەو ئەورووپا بەڕێدەکەون.
پێشتریش ئاژانسی سنووریی ئەورووپایی هۆشداری دابوو لەوەی کە، چەکدارانی بیانی ڕێگەی قاچاخ و سەردەمی دەگرنە بەر تا بگەنە ئەورووپا.
ئەم پێشوەچوونانە لە کاتێکدان کە، کۆمسیۆنی پەنابەرانی ئەورووپا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران پلانی نوێی دەبێ؛ وایش گفتوگۆ لە نێوان وڵاتانی ئەورووپاییدا کراوە کە، پەنابەران هەر بەپێی پلانەکەیان بەسەر هەر یەک لە وڵاتەکانیان دابەش بکەن.
ئاماژەیش هەیە کە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی ئەورووپایی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە بڕۆکسل کۆ ببنەوە و پڕۆسەیەکی سەربازی بەرەوڕووبوونەوەی قاچاخچیانی پەنابەران لە دەریای نێوەڕاستدا ساز بدەن. بەڵام هەرچی بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دی ئەورووپایی پێچەوانەی ئەو ڕایەن و، وەک سەرچاوەکانی هەواڵیش باسی لێ دەکەن، ڕەنگە ئەم جیاوازییەی وڵاتانی ئەورووپایی ببێتە هۆی گەییشتنی ژمارەیەک لەو تیرۆریستانەی کە خۆیان وەک پەنابەر و لەگەڵ پەنابەراندا بەرەو وڵاتانی ئەورووپایی وەڕێکەوتوون.
زریان زیاد




