کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و لایەنەکان فراوانتر بووە.. حکوومەت و پەرلەمانیشی تێدایە

هەولێر-KDP.info- وەها بڕیارە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(سەرۆک بارزانی) لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان سەعاتێکی دی ساز بدرێ، کە تێیدا سەرۆکایەتیی حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشدار دەبن.
ئەم کۆبوونەوەیە کە پاش سەردانی (سەرۆک بارزانی)ـیە بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆک ئۆباما) و (جۆو بایدن)ـی جێگری، هەروەها سەردانی بۆ هەنگاریا و چیک و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانیان. وەک (سەرۆک بارزانی) لە لێدوانەکانیدا و مێدیاکانیش دەربارەی کۆبوونەوەکانی بڵاویان کردووەتەوە، سەرکەوتوو بووە و (سەرۆک بارزانی) خۆیشی ڕایگەیاندووە، کە گەڕایەوە لە ئاکامی سەردانەکەی گەلەکەی لەوەی بەدەست هاتووە، ئاگادار دەکاتەوە.
لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە، ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت، كە بێگومان ئەمەیش بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان زۆر گرینگە، چونكە رۆژ بە رۆژ كوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت، وڵاتانی جیهانیش پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن. ئەوان پێیان وایە کە، ئەو كاتەی سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە دەوروبەری یەك مێز كۆ دەبێتەوە، گەلی كورد زیاتر پێش دەكەوێت و، ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆیش زۆر گرینگە و وای دەبینن کە، پرسگەلێك تاوتوو دەكرێن كە تا ئێستا لە راگەیاندنەكاندا باس نەكراون.
زریان زیاد




