٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی: گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە دیداریدا لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكادا رایگەیاند، لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لە دووركردنەوەی هەڕەشەكاندا، گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە. فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكایش، پاڵپشتیی تەواوی ئەمەریكای بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا دووپات كردەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئێوارەی ئەمڕۆ 17ـی 5ـی 2015 لە شاری هەولێر پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ژەنەڕاڵ(لۆید ئۆستن) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوون لە كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر (جۆزێف پینینگتۆن) و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا دواپەرەسەندنە سەربازی و مەیدانییەكانی پارێزگای ئەنبار و شاری ڕەمادی و هەروەها دۆخی مرۆیی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر هاووڵاتیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، جەخت لە پێویستیی تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و دەركردنیان لە هەموو ناوچە داگیركراوەكان كرایەوە.

هەر لەم كۆبوونەەیەدا ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكایش، پاڵپشتیی تەواوی ئەمەریكای بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق لە شەڕی تیرۆریستاندا دووپات كردەوە.

تاوتووكردنی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبووونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان، بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستە ڕوو كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لە دووركردنەوەی هەڕەشەكاندا، گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە.

سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا و فراوانتركردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا، تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم (جەعفەر شێخ مستەفا) و فەریق (شێروان عەبدولڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار