گاز پرۆم وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان دەكات

ههولێر -KDP.info- نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ دهڵێت، پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەن. سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیش خۆشحاڵیی خۆیی دەربڕی بەوەی كە ڕووسیا ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر پەرە پێ بدات.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17/5/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (میخائیل باگدانۆڤ) نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كرا، دەربڕی و جەختیان لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوون كە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پەرەی پێ بدەن بە تایبەت لە بواری ئابووری و كولتووری. هەروەها باسیان لە ڕێوڕەسمی ئەمڕۆی نمایشی کتێبی "نیشتمانی داستان، کولتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسیایی" كرد كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیاییش بە چاپی گەیاندووە.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیای گاز پرۆم پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەیوەندییەكانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەربڕی و خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندی و هاوكارییە بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێ كردن بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی نمایشی کتێبەكە و، دوو پاتی كردەوە كە چالاكییە كولتوورییەكان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا توندوتۆڵتر دەكات و، خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەوەی كە لایەنی ڕووسیایی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر پەرە پێ بدات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر كرد و، ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو شەڕەوە بارێكی ئابووریی قورس كەوتۆتە سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەت كە هەر بەو هۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم كردووە كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەت دروست كردووە و، سەرەڕای ئەمە بەغدا بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان وەك لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، نانێرێت و لەلایەكی دیكەشەوە دابەزینی نرخی نەوت ئەو بارگرانییەی هێندەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان قورس كرد. هیواشی خواست ڕووسیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە لە بوارە جیاجیاكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.




