نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیادا پەرە پێدەدات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرینگ دەزانن و دەیانپارێزن. هەروەها لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كولتوورییشەوە بەهێزتریان دەكەن لە پێناو بەرژەوەندیی هەردوو میللەتی ڕووسیا و كوردستاندا. هیوایشی خواست كولتوور وەك چەكێكی نەرم بەكار بهێنرێت لە پێناو ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگای شارستانی، كە لەسەر بنەمای لێكگەییشتن و دەستەبەركردنی ژیانێكی پڕ شكۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم كۆمەڵگاكانی ئەم جیهانە، پێك بێت.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیران (نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (قوباد تاڵەبانی) و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە (میخائیل باگدانۆڤ) و سەرۆكی كۆمپانیای گازپرۆم (ئەلیكساندەر دیۆكۆف) و جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ (یووری سێنتۆرین) و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی هەرێم، لە هۆڵی شەهید (سەعد عەبدوڵڵا) لە هەولێر، ڕێوڕەسمی نماییشی كتێبی چاپكراو (نیشتمانی داستان: كەلتوری كوردی لە چاوی توێژەرانی ڕووسیایی) بەڕێوە چوو كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیای گازپرۆمی نەوتی ڕووسیایش بەچاپی گەیاندووە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە (میخائیل باگدانۆف) گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی مانەوەی (مستەفا بارزانی نەمر) و هاوەڵانی لە ڕووسیا و پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا و زیاتر بەهێزكردنیان لە هەموو بوارەكاندا كرد و دەستخۆشییشی لە ئامادەكارانی ئەو كتێبە كرد.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیا گازپرۆم لە گوتەیەكدا باسی لە كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی دا كە، گرنگیی پەیوەندیی ئابووری لە گرنگیی پەیوەندییەكانی بوارەكانی دیكە كەمتر نییە و، باسی لەوەیش كرد كە مێژووی گەلی كورد زۆر سەرنجی گەلی ڕووسیای ڕاكێشاوە. هەروەها ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە، بەر لە دوو ساڵ و لە كاتی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) بۆ ڕووسیا و بینینی ئەو هەموو بەڵگە و دۆكیومێنتانە، ئەوان بڕیاری نووسینی ئەو كتێبەیان داوە و پڕۆژەی داهاتوویشیان دروستكردنی ئینسكلۆپیدیای مێژووی كورد و ڕووسیا و فیلمێكی دۆكیومێنتاری دەبێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە (میخائیل بۆگدانۆڤ) و سەرۆكی كۆمپانیای گازپرۆم (ئەلیكساندەر دیۆكۆف) لەگەڵ شاندی یاوەری و جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدراڵ (یووری سێنتۆرین)، گوتەیەكی ڕووسیایی بیر هێنایەوە كە دەڵێت: (چۆن پەڕەكان تاوس جوان دەكەن، بە هەمان شێوە كولتوور و ڕۆشنبیری، مرۆڤ جوان دەكات) و هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە ڕێوەڕەسمی نماییشی كتێبەكە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەش دا كە، ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە ڕووسیا و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لە پەیوەندیی دوولایەنە بەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بكەن و، جەختی لەوە كردەوە كە، فەرهەنگگزمانی گەلانە، هەڵگری بانگهێشتكردنە بۆ یەكگرتنەوە و گفتوگۆ و ئاشنابوون، گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤایەتی، لە بونیادنانی پردی زانیاری و دامەزراندن و پەرەپێدانی قەڵای زانست.
بەهای ئەم كتێبەشی بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم ئەو وێنە و دۆكیومێنتە مێژووییانە گەڕاندەوە كە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیاوە سەبارەت بە كورد یادداشت كراون و لە پەیمانگا و مۆزەخانەكانی ڕووسیا پارێزراون و گوتی: "ئەم بەرهەمە مێژوو و فەرهەنگی كوردی دەوڵەمەندتر دەكات".
سەرۆكوەزیران هەروەها سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد كە بە بەرهەمهێنانی ئەم كتێبەوە ماندوو بوونە و بە تایبەتی سوپاسی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی كرد بۆ ئامادەكردنی كتێبەكە و سوپاسی كۆمپانیای گازپرۆمی نەوتیشی كرد بۆ ئەم دەستپیشخەرییە و هاوكارییان لە بەچاپگەیاندنی ئەم كتێبە.
( نێچیرڤان بارزانی) لە بەردەوامی گوتەكەیدا گوتی: "ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی، ئەورووپا جێگای ڕۆژهەڵاتناسی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جێگای لێكۆڵینەوەی كوردناسی، ڕووسیا بووە. دەوڵەتی ڕووسیا بەهۆی نزیكبوونی لە ڕووی جوگرافییەوە لە كوردستان، توانیویەتی هەر لە زووەوە پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بكات. ئێمە دەزانین كە ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕووسیا مێژوویەكی دێرینی هەیە و ژمارەیەكی بەرچاو لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی لە بەشی لێكۆڵینەوەی كوردیدا و لە ئەورووپا كاریان كردووە، ئەوانە خەڵكی وڵاتی ڕووسیان و دەرچووی ئەكادیمیاكانی ئەو وڵاتەن".
سەرۆكوەزیران ئاماژەی بە ناوی دیپلۆماتكار (فلادیمیر مینۆرسكی) كرد كە ڕۆشنبیرانی كورد باش دەیناسن و سەرەتای سەدەی ڕابردوو لەسەر جوگرافیا و مێژووی كورد كاری بەنرخی كردووە. هەروەها ئاماژەی بە ناوی (میخائیل لازارێف)ـیش كرد كە سەبارەت بە دۆزی كورد لە كۆتاییی سەدەی نۆزدەیەمەوە، تا كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، كارنامەی زانستی نووسیوە.
ئەوەیشی بە جێگای شانازی بۆ گەلی كورد لە قەڵەم دا كە ڕۆژهەڵاتناسێكی وەكو (مینۆرسكی)، سەدویەك ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی ١٩١٤ئاماژە بە بینینی (عادیلە خانم) بكات لە هەڵەبجە و ستاییشی سەخاوەت و میوانداریی ئەو ژنە كوردە بكات كە ئەمڕۆ هەڵەبجە لە سایەی كۆڵنەدانی خەڵكی بەشەرەفی شارەكە و هەوڵی جیددیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگایەكی گرینگی هەرێمی كوردستانە. هەروەك ئەوەیشی بە جێگای شانازی بۆ گەلی كورد لە قەڵەم دا كە (مینۆرسكی) باس لەوە بكات ئافرەتی كورد شانبەشانی پیاو لە هەموو سەردەمەكاندا و لە هەموو كاروبارێكدا هاوبەشیی پیاوی كردووە.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە كاریگەریی شیعر و ئەدەبی كلاسیكی ڕووسیایی لەسەر ڕۆشنبیران و شاعیران و نووسەرانی كورد كرد و ئاماژەی بەوە دا كە، زۆرێك لە كارنامە ڕووسییەكان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی و هەروەها شاعیری گەورەی كورد مامۆستا (عەبدوڵڵا گۆران) لە زۆرێك لە شیعرەكانیدا بە سەرسامییەوە ئاماژە بە ڕووسیا و شۆڕشی گەورەی ڕووسیا كردووە و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشەی بەرز نرخاندووە. ئەمە سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كورد لە كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤییەتی جاران، كە مێژووەكەی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە و فەرهەنگی باب و باپیرانی خۆیان پاراستووە.
داوایشی لە مامۆستایانی زانكۆ، بەشی مێژوو و ئەدەب و هەروەها كەسانی ئەكادیمیی كورد كرد بە جیددی هەوڵ بدەن بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەو دەستنووسانەی كە موڵكی كوردستانن و سەروەتێكی نەتەوەیین و لە مۆزەخانە گرینگەكانی ڕووسیا پارێزراون. بە پێویستیشی زانی نەوەی نوێ بەو میراتە نەتەوەییەی گەلی كورد ئاشنا ببن و بە شێوەیەكی ئەرێنی سوود لە میراتە كولتوورییەكان وەربگیردرێت و بەكار بهێنرێن بۆ پێشكەوتنی كوردستان. هەروەك پاراستنی بەهاكانی گەلی كوردی بە بنەمایەك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە زانی، بۆ ئاڵوگۆڕكردنی فەرهەنگ و ئابوورییەكی ئازاد.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها باسی لە پاراستنی كولتوور و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "لە پێناو پاراستنی كولتوور و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەكانی دیكە، دەمانەوێ سەقامگیریی هەرێمەكەمان بپارێزین. دیارە ئەمەیش بە بێ قارەمانیەتی و ئازایەتیی پێشمەرگەكانمان ناكرێ كە ئەمڕۆ بێوچان بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان دەكەن. لێرەوە دەستخۆشی لە یەكەیەكەیان دەكەین و سڵاوی گەرمیان ئاڕاستە دەكەین، دڵنیایشیان دەكەینەوە كەوا بەردوام دەبین لە پاڵپشتیكردنیان بۆ سەركەوتن. جیهانی ئازاد بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنمان لە جەنگی دژ بە تێرۆریستان و تاریكپەرستان".
لە كۆتایی گوتارەكەیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرینگ دەزانن و دەیانپارێزن. هەروەها لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كولتوورییشەوە بەهێزتریان دەكەن لە پێناو بەرژەوەندیی هەردوو میللەتی ڕووسیا و كوردستان. هیوایشی خواست كولتوور وەك چەكێكی نەرم بەكار بهێنرێت لە پێناو ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگای شارستانی، كە لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و دەستەبەركردنی ژیانێكی پڕ شكۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم كۆمەڵگاكانی ئەم جیهانە، پێك بێت.




