سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان پرسگەلی نوێ تاوتوو دەكەن

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دەڵێت، كۆبوونەوەی سبەینێی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان زۆر گرینگە و، تێیدا سەرۆكی هەرێم زۆر شتی نوێ باس دەكات، كە تا ئێستا لە راگەیاندنەكاندا باس نەكراوە.
ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان (موسڵیح رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت، كە بێگومان ئەمەیش بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان زۆر گرینگە، چونكە رۆژ بە رۆژ كوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت، وڵاتانی جیهانیش پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن، كە ئەمڕۆ زیاتر لە 50 وڵات پشتگیری لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە دەبێت ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی ورد مامەڵە لەگەڵ ئەو پشتیوانییەدا بكەین و بەرنامەیەك بۆ خۆمان دابنێین، ئەو كاتەی سەركردایەتی سیاسیی كورد لە دەوروبەری یەك مێز كۆدەبێتەوە، گەلی كورد زیاتر پێش دەكەوێت، هیوادارم ئەو كۆبوونەوەیەی سبەینێ، ببێتە هەوێنێك بۆ پێشكەوتنی زیاتر و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان".
(موسڵیح) گوتیشی: "ئەو كۆبوونەوەیەی سبەینێ زۆر گرینگە و پێم وایە لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا، پرسگەلێك تاوتوو دەكرێن كە تا ئێستا لە راگەیاندنەكاندا باس نەكراون".
ڕابین شێروانی




