بوودجە گرفتی بۆ UNDPدروست كردووە..ژمارەی ئاوارەكانی هەرێم لەپێشبینی زیاتر بوو

هەولێر -KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكی نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و جێگری بەرپرسی UNDPلە عێراق و شاندی یاوەریدا، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی یوئێن كردەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئاوارەكان لە كوردستان و بەردەوامبوونی كارەكانی UNDPلە كوردستاندا.
جێگری بەرپرسی UNDPلە عێراق (سوڵتان حەجیف) ڕایگەیاند: "تا ئێستا وەك UNDPبڕی 12 ملیۆن دۆلارمان لە وڵاتە كۆمەكبەخشەكان وەرگرتووە كە بەشی زۆری لە لایەن شانشینی عەرەبی سعوودیاوە دابین كراوە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و پەرەپێدانی كەمپەكانیان لە هەموو روویەكەوە".
(حەجیف) گوتیشی: "سەرەڕای هاوكاریی زۆری حكوومەتی هەرێم و هەماهەنگییان لەگەڵ ئاژانسەكانی سەر بە یوئێن، بەڵام نەبوونی بوودجەی پێویست گرفتی زۆری بۆ ئێمە دروست كردووە و رێژەی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، زۆر زیاتر بوو لەوەی ئێمە پێشبینیمان دەكرد و حكوومەتی هەرێمیش ئیمكانیاتی نییە هاوكاریی زیاترمان بكات".
لە بارەی بارودۆخ و ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لە كوردستان هەیە، جێگری بەرپرسی UNDPلە عێراق دەڵێت: "هەوڵ دەدەین هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەین و هاووڵاتیان هۆشیار بكەینەوە لە بارەی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارانە كە ئێستا روویان لە هەرێمی كوردستان كردوە، هەروەها هەوڵ دەدەین كەموكورتییەكانی ناو كەمپەكانی ئاوارەكان دیاری بكەین بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی پێویست بۆیان".
لە لایەن خۆیەوە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) ستاییشی كار و چالاكییەكانی یوئێنی كرد لە كوردستان و گوتی: "كارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان گرینگ و جێگای بایەخن، یەكێك لە كارە سەرەكی و گرینگەكانی یوئێن ئامادەكارییە بۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە شاری مووسڵ و گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ حەواندنەوەیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان پێیان لە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی شارەكە و، هاریكاریكردنی زیاتری حكوومەتی هەرێم و دامودەستگاكان لەم رووەوە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش ببێتە كەناڵێك بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان هاوكاریی زیاتری هەرێم بكرێت، چونكە ئێستا هەرێم لە قەیرانێكی ئابووریی گەورەدایە".




