دەزگای بارزانی هاوكاریی گەیاندە هێزەكانی پێشمەرگە.. پێداویستییش بەسەر پەنابەر و كەمئەنداماندا دابەش كرا

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جاری دووەم دەست دەكات بە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی بەرگری لە خاكی كوردستان و 20 هەزار پارسێلی خۆراكیان بۆ دابین دەكات. هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستی بەسەر پەنابەر و كەمدەرامەت و كەمئەندامانی شارۆچكەی چۆماندا دابەش دەكات.
پاش ئەوەی لە سنووری پارێزگای كەركووك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد، لە بەردەوامیی خزمەتكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ جاری دووەم، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی لە هەڵمەتێكدا هەستان بە گەیاندنی 20 هەزار پارسێلی خۆراك بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی بەرگری لە خاكی كوردستان كە سەرجەم میحوەرەكانی هەولێر لە خازرەوە تاوەكو مەخمووری گرتەوە، هاوكارییەكەیش بریتی بوو لە پارسێلی خۆراكی 21 كیلۆگرامی، كە بۆ هەر پێشمەرگەیەك دوو پارسێل دابین كرا و بەسەریاندا هاتە دابەشكردن.
هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام لە سەرجەم كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانیش رۆژانە خۆراك و پێداویستیی جۆراوجۆر بەسەر پەناخواز و كەمدەرامەتدا دابەش دەكات، لەو میانەیەیشدا لە كەمپی هەرشەم و شارۆچكەی چۆمان بەشەخۆراك و پێداویستیی دیكەی بەسەر پەنابەر و كەمدەرامەت و كەمئەنداماندا دابەش كرد.
لە بەردەوامیی خزمەتكردن بە پەناخوازان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی جۆراوجۆری پەناخوازان دابین دەكات، لەو میانەیەیشدا بۆ هاوكاریكردنی پەنابەران لە كەمپی هەرشەم، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای یەسری، هەستان بە دابەشكردنی ماست بەسەر 1600 كەسی پەنابەردا.
لەلایەكی دیكەوە و لە شارۆچكەی چۆمان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی هەستان بە دابەشكردنی 250 بەشە خۆراكی مانگانە بەسەر 250 خێزانی پەنابەر و خێزانی كەمدەرامەت و بێباوك و پەككەوتەدا، كە هەر بەشەخۆراكێك لەم پێداویستیانە پێك هاتبوو: برنج، زەیت و دۆشاوی تەماتەو نۆك و نیسك و شەكر و چاو خوێ.




