باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: سەردانی بارزانی بۆ واشنتن گرینگ بوو

بەغدا-KDP.info- باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق(ستیوارت جۆنز)، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) بۆ واشنتن بە گرینگ ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە کە، ولاتەکەی پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات.
کەناڵی ئێن ئاڕ تیی ڕووسیایی لەسەر زاری (ستیوارت جۆنز)ـەوە بڵاوی کردووەتەوە کە گوتوویەتی، سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرینگ بووە و، ئاماژەیشی داوە بەوەی کە، ئەمەریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چونکە سەرکەوتنی زۆری بەسەر داعشدا بە دەست هێناوە.
ئەو دەربارەی فڕۆکە ئێف شازدەکانی وڵاتەکەیشی بۆ عێراق گوتوویەتی، یەکەم کاروانی فڕۆکەی ئێف ١٦ مانگی دادێ دەگاتە عێراق و، دواکەوتنیشی پێوەندی بە دۆخی ئەمنیی عێراق و ناسەقامگیرییەکەوە هەبووە.
ئەو باڵیۆزەی ئەمەریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، چەند ڕۆژی دادێ، مووشەکی دژەقەڵغان AT4، دەگاتە دەست هێزەکانی عێراق، کە ڕۆڵی باش دەبینن لەو ئۆتۆمبێلە مینڕێژکراو و قەڵغانانەی کە تیرۆریستان ەب کاریان دەهێنن.
جەختیشی کردەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە سوننەکانیش پڕچەک دەکات.
زریان زیاد




