مانگی شەش جەلەولاییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

جەلەولا-KDP.info- سەرچاوەیەک دەڵێت، تەرخانکردنی بڕێکی پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی جەلەولا و سەعدیە تەنھا دەنگۆیە و، حکوومەتی عێراق ھیچ بڕیارێکی لەوشێوەیەی نەداوە؛ جەختیش دەکاتەوە، ئەستەمە مانگی شەش ئاوارەکان بگەڕێنەوە زیدی خۆیان، چونکە جەلەولا وێرانەیە و ھیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە.
ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا(مەحموود دەلۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دەنگۆی ئەوە ھەیە کە داوای ٦٣ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی جەلەولا و سەعدیە کراوە لە حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەمە تائێستا ھیچ بڕیارێکی لەبارەوە نەدراوە و تەنھا دەنگۆیە، بڕوایش ناکەم ئەمە بکرێت لەبەر ئەوەی عێرق پارەی نییە و لە قەیرانی داراییدایە."
وەک (مەحموود دەلۆ) دەڵێ، خەڵک چۆن دەگەڕێنەوە شارێک کە ھەموو ماڵ و فەرمانگەکان تێکدراون و ھیچ خزمەتگوزارییەکیشی تێدا نییە، بۆیە باوەڕی وایە کە، ئەمە دەنگۆیە راست نییە و جارێ ھیچ کەسێک ناتوانێ بگەڕێتەوە ماڵو حاڵی خۆیان.
(دەلۆ) زانیاریشی دا کە، نەک تەنھا جەلەولا، بەڵکو شوێنەکانی دیکەش ھیچ کەسێکی بۆ نەگەڕاوەتەوە؛ دەشڵێ، ئەم پرۆسەی گەڕانەوەیە پێویستی بە کاتە و چەند مانگێکی دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




