بەربژاری پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دەبێت کورد و شارەزا و ئەکادیمی بێت

کەرکووک-KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندی باڵای حکوومەتی عێراق دەڵێت، پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک مافی کوردە و جگە لەوانەی کاندید کراون، کەسانی دیکەش کاندید دەکرێن، تا کەسێکی شارەزا و لێھاتوو بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی خوێندی باڵای حکوومەتی عێراق دکتۆر(سەلام خۆشناو) کە لەئێستادا سەرپەرشتیی زانکۆی کەرکووک دەکات بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت لەو مامۆستایانەی زانکۆ، کە شایستەن و ئەوانەیشی کە کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، هەڵبەت لە بەغداوە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دێت و پێکەوە کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکەین."
دکتۆر(سەلام خۆشناو) جەختی کردەوە، "ئەو کەسەی بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دیاری دەکرێت، بەلای ئێمەوە ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە کەسێکی لێھاتوو و شارەزا و ئەکادیمی بێت و گرینگ نییە سەر بە چ حێزبێکە، بەڵام پێویستە ئەو کەسە کورد بێت، چونکە بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن ئەو پۆستە بۆ کوردە."
گوتیشی، "جارێ من لەوێ دەمێنمەوە و سەرپەرشتیی زانکۆی کەرکووک دەکەم، تاوەکو کەسێکی شیاو دیاری دەکەین ئەو پۆستە بەڕێوە ببات."
ئاماژەیشی دا، تاوەکو ئێستا ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە.
بڵند ئیبراھیم




