هەر پارێزەرێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت

هەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان راگەیاند، هەر پارێزەرێك لە كاری پارێزەرایەتیدا سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت، چونكە بەپێی یاسا سزا دیاری كراوە و هەندێك جاریش دەگاتە ڕادەی دوورخستنەوەیان.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان (بەختیار حەیدەر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە هەرێمی كوردستاندا 7 هەزار و 237 پارێزەر هەیە و لەو ماوەیەیشدا نزیكەی 400 پارێزەری دیكەیش دێنە مەیدانی كاركردن، ماوەیەكیش وەرگرتنی پارێزەر راگیرا، بەڵام كارێكی هەڵە بوو".
(بەختیار) ئاماژەیشی دا كە، دوای وەستاندنی وەرگرتنی پارێزەر، دووبارە دەستیان كردوە بە وەرگرتنی مامەڵەی بوون بە پارێزەر و گوتیشی: "دەستمان كردووە بە وەرگرتنی ئەندام لە سەندیكا و مامەڵەكان وەردەگرین، ئەوەی دەرچووی كۆلێژی یاسایا، بە مەرج و رێنمایی نوێ مامەڵەیان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بتوانن كاری پارێزەرایەتی بكەن".
پێوەست بە مەرجە نوێیەكانی بوون بە پارێزەر (بەختیار حەیدەر) دەڵێت، مەرجەكە ئەوەیە كە دەرچووی كۆلیژی یاسا بێت، بەڵێننامەیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی 6 ساڵ پارێزەرایەتی بكەن و هەروەها دەبێت بەشداریی خول بكەن و فەرمانبەریش نەبن.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردن لە 5 لقی سەندیكای پارێزەران ئەنجام بدرێت، لە 1ـی 6 دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە و پاشان هەڵبژاردن دەكرێت.
یەحیا سابیر




