زەوی دەدرێتە دەرچووانی كشتوكاڵی

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند، بڕیار دراوە لە هەر پارێزگایەك 100 دۆنم زەوی دابین بكرێت و، بەم زووانەیش زەوییەكان دەستنیشان دەكرێن و رێنمایی دەردەكرێت بۆ پێدانی ئەو زەویانە بە دەرچووانی كشتوكاڵی.
بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئەنوەر عومەر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار دراوە لە هەر پارێزگایەك 100 دۆنم زەوی دابین بكرێت و بەم زووانە زەوییەكان دەستنیشان دەكرێن و رێنمایی دەردەكرێت بۆ پێدانی ئەو زەویانە بە دەرچووانی كشتوكاڵی".
(ئەنوەر عومەر) گوتیشی: "زەوییەكان دەدرێنە دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵ و پەیمانگای كشتوكاڵ و ئامادەیی كشتوكاڵی و كۆلێژی و ڤێتێرنەری و پەیمانگای ڤێتێرنەری، هەروەها ئەو زەویانە بە دەرچووانی هەردوو رەگەز و دانەمەزراوان دەدرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوونی وەزارەتی كشتوكاڵ روونیشی دەكاتەوە، هەر دەرچوویەك تاوەكو 5 دۆنم زەویی پێ دەدرێت و پێدانی زەوییەكە بەپێی پڕۆژەكە و پرۆپۆزەڵی پڕۆژەكە دەبێت كە زۆرترینی نابێت لە 5 دۆنم زیاتر بێت، ئێمە زەوی بۆ پڕۆژە دەدەین نەك بۆ شتی دیكە".
زیاتر گوتی: "ئەو زەویانەی دەدرێن، بە گرێبەست دەبێـت و تاپۆ ناكرێن، بۆ هەر پارێزگایەكیش 20 كەس زەوییان پێ دەدرێت كە دەكاتە 100 كەس بۆ ئەمساڵ، بۆ ساڵی داهاتوویش ژمارەكە زیاتر دەبێت".
یەحیا سابیر




