٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریكا دەیەوێت دڵنیا بێت چەك دەگاتە پێشمەرگە.. زۆرێك لە وڵاتان چەك و تەقەمەنی دەنێرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، باس لە بڕیاری كۆنگرێس دەكات و دەڵێت، چەك بۆ هێزی پیشمەرگەی كوردستان دێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، ئەمەریكا دەیەوێت دڵنیا بێت چەك دەگاتە پێشمەرگە و، زۆرێك لە وڵاتانیش چەك و تەقەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرن.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە (جەبار یاوەر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە ئێستا و داهاتوویشی گەشە، لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا كە ناوی پێشمەرگە دێت، هەموو وڵاتانی دونیا پێی ئاشنان و هاوپەیمانیی نێونەتەوەییش 11 نوێنەری لە هەرێمی كوردستانن كە، هاوكاری و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە وڵاتان چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە دەنێرن".


(یاوەر) گوتیشی: "ئێستا و داهاتووی پێشمەرگە گەشە و یاسایەك لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بڕیاری لەسەر دراوە كە ڕاستەوخۆ چەك بدرێتە پێشمەرگە، كە ئەم هاوكارییە بە شێوەیەكە ئەمەریكا نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار دەداتە عێراق و پشكێكیش بۆ پێشمەرگە دیاری كراوە".


ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، هەموو هاوكارییەكان بۆ حكوومەتی عێراقن، چونكە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بەیاننامەی دەركردووە و دەڵێت، ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە عێراقمان كردبێتە 3 دەوڵەت، بەڵكە ئەو پارە و چەكەی دیاریمان كردووە، ڕەچاوی پێكهاتەكانمان كردووە، بۆیە 25%ـی هاوكارییەكان بۆ پێشمەرگەی كوردستانە، ئەمەیش لە یاساكەدا دیاری كراوە، واتا لە ئەمەریكاوە ڕێژەكە دیاری كراوە و جیا كراوەتەوە.


ئاماژەیشی دا: "ئەمەریكا وایان بە باش زانیوە كە هەر لە ئەمەریكاوە پشكی كورد و سوننە جیا بكرێتەوە، چونكە دەیەوێت دڵنیا بێت پشكی خۆیان بگاتە دەست پێشمەرگە و سوننە".

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار