٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبارەی نەوتەوەیە.. حکوومەت زانیاری دەداتە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا نووسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی زانیارییان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی ئەو كێڵگە نەوتیانەوە پێ بدرێت كە لە كەركووك لەلایەن هەرێمەوە سەرپەرشتی دەكرێن، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیش بەو داواكارییەی ئەوان رازی بووە و، ئامادەن زانیاری لەوبارەیەوە بدەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا هەماهەنگی لە نێوان كەركووك و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لەبارەی ئەو كێڵگە نەوتیانەوە نییە كە هەرێمی كوردستان ئیدارەیان دەدات و نەوتیان لێ هەناردەی دەرەوە دەكات، بۆ ئەم مەبەستەیش ئێمە پێش ماوەیەك نووسراوێكمان بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نارد بۆ ئەوەی هەماهەنگی هەبێت و زانیاریمان پێ بدرێت، بە خۆشحاڵییەوە وەڵامی نووسراوی ئەنجوومەن دراوەتەوە و باس لەوە كراوە كە، پێویستە هەماهەنگی بكرێت و رەزامەندیی داوە كە زانیاری بە ئێمە بدرێت".
(حوسێن) گوتیشی: "لە ئێستادا ماوەتەوە ئالییەتی ئەو هەماهەنگییە لە نێوان ئەنجوومەن و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دابنرێت بۆ ئەوەی زانیاریمان پێ بدرێت و بزانین رۆژانە رێژەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە چەندە، ئەوەیش مافی خەڵكی كەركووكە ئەو زانیاریانەی هەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی: "پێش چەند رۆژێك سەردانی كێڵگەی خەبازەیشمان كرد كە ماوەیەك پێش ئێستا و بۆ رۆژێك لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرابوو كە ٤١ بیری نەوت لەخۆ دەگرێت؛ لە ئێستادا ٢٧ بیر لە كاركردندان و ئەو سێ بیرەیشی گڕیان تێبەردرابوو، ئاگرەكەیان كوژراوەتەوە و نۆژەن كراونەتەوە و بەگەڕ خراونەتەوە، لە ئێستایشدا رۆژانە ٢٧ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و پلان هەیە بەم زووانە ئەو رێژەیە زیاد بكرێت".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار