پەرلەمان حكوومەتی سەرپشك کردووە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر حكوومەتی عێراق بە رێككەوتنی لەگەڵ هەرێم پابەند نەبێت، ئەوا بەم زووانە هەرێم رێگای دیكە دەگرێتە بەر و زۆر چاوەرێ ناكات، بەڵام دانوستان بەردەوام دەبێت و ئەولەوییەت بۆ رێككەوتنەكە دەبێت.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، گرینگیی خۆی هەبووە و ئەرێنییە، چونكە هەرێمی كوردستان هۆكاری بڕینی بودجەكەی خۆی نەدەزانی، بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەی پێویست لەم بارەیەوە بدات بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بزانین هۆكار چییە بەغدا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و بەشەبوودجەكەی دەبڕێت".
(دۆسكی) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێم ئەولەوییەت دەداتە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە چارەسەر، ئەگەرنا حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگای دیكە دەگرێتە بەر، بۆئەم مەبەستەیش پەرلەمان حكوومەتی سەرپشك كردووە هەر رێگایەك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بوودجە بۆ هەرێم دابین بكات".
ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێ لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنەی ئەمساڵ لە نێوانیاندا ئەنجام دراوە، جێبەجێ بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان راشیگەیاند: "هیچ وادەیەكی دیاریكراو نییە حكوومەتی هەرێم كەی بڕیاری خۆی لەگەڵ بەغدا دەدات ئەگەر پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام ماوەكە زۆر نزیك دەبێت و زۆر چاوەڕێ ناكات و رێگای دیكە دەگرێتە بەر".
بڵند ئیبراهیم




