ژماره‌یه‌ك قه‌ناس به‌ده‌ستى داعشى و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرایه ئامانج و له‌ناوبران

مووسڵ-KDP.info- به‌رپرسى راگه‌یاندنى فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى موقه‌ده‌م (دڵشاد مه‌ولود) رایگه‌یاند، هێزى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى له چالاكییه‌كى سه‌ربازییدا ژماره‌یه‌ك قه‌ناس به‌ده‌ستى داعشى له‌ناو برد و به هاوكارى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چه‌كدارانى داعش كرایه ئامانج و هه‌موو به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه له‌ناوبران.
به‌رپرسى راگه‌یاندنى فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى، موقه‌ده‌م (دڵشاد مه‌ولود) به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى راگه‌یاند: "سه‌عات 06:25 خوله‌كى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى له چالاكییه‌كى سه‌ربازییدا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى له به‌رزاییه‌كانى (بادوش) ژماره‌یه‌ك مۆڵگه‌ى تیرۆریستانى داعشیان ئاگربارانكرد، كه لێیانه‌وه قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانى داعش هاووڵاتیان و هێزى پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرده ئامانج و خۆشبه‌ختانه ئامانجه‌كان به وردى پێكران و سه‌رجه‌م ئه‌و تیرۆریستانه‌ى به قه‌ناس په‌لامارى هاووڵاتیان و پێشمه‌رگه‌یان ده‌دا له‌ناو بران.
به‌رپرسى راگه‌یاندنى فه‌رمانده‌یى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى گوتیشى: "هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌عات 06:45 خوله‌كى ئێواره، له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارى وردى هه‌واڵگرى سه‌ربازى هێزى پێشمه‌رگه‌ى زێڕه‌ڤانى، تۆپخانه‌ى پێشمه‌رگه و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمان بۆردومانى ئامانجێكى سه‌ربازییان له گوندى (ئاشق) كرد، كه تێیدا چه‌كدارانى تیرۆریستى داعش كۆببونه‌وه. به گوێره‌ى زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان، ژماره‌یه‌ك تیرۆریستانى داعش له سوریا و عێراق بۆ مشتومڕكردن سه‌باره‌ت به ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانییان كۆببونه‌وه و تێكڕاى به‌شدارانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له‌ناو بران.




