زیاتر له 59 هه‌زار خێزانی ئاواره پاره‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه.. گه‌نده‌ڵی تێدا كراوه

هەولێر-KDP.info- بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاواره‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، زیاتر له ملیۆنێك و 800 هه‌زار ئاواره له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، له‌و ڕێژه‌یه‌ش تا ئێستا زیاتر له 59 هه‌زار خێزانی ئاواره بڕی یه‌ك ملیۆن دیناریان وه‌رنه‌گرتووه ده‌شڵێت، پاره‌ی ئاواره‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق خراپ به‌كار ده‌هێنرێت.
(سالم جومعه) نوێنه‌ری شه‌به‌ك و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاواره‌كان و ڕێكخراوه‌كان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند: "له 6/7/2014 ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق یه‌ك تڕلیۆن دیناری دابین كرد، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك منحه‌ی یه‌ك ملیۆن دینارى بۆ ئاواره‌كان ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه پاره‌ی ئاواره‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌نده‌وه خراپ به كارده‌هێنرێت، تا ئێستا 23 هه‌زار خێزان له دهۆك و 4800 خێزان له هه‌ولێر و 32 هه‌زار خێزان له سنووری كه‌ركووك ئه‌و بڕه پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه، كه‌چی ته‌نیا 139 ملیار دینار ماوه و، بڕه‌كه‌ی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی زۆرى تێدا كراوه.
(جومعه) گوتیشی: زیاتر له 70% ئاواره‌كان له دهۆك له ڕه‌وشێكى زۆر خراپدان و تا ئێستا حكوومه‌تی عێراق هیچ هاوكاریه‌كی پێشكه‌ش به ئاواره‌كان نه‌كردووه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌ره‌و وه‌رزی هاوین ده‌چین و ئاواره‌كان پێویستیان به پێداویستیه‌كانی ئه‌و وه‌رزه هه‌یه، داواشمان كردووه حكوومه‌تی عێراق هه‌رچی زووه هاوكاری ئاواره‌كان بكات و په‌یوه‌ندی به حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بكات و له‌گه‌ڵ هه‌رێم یارمه‌تی ئاواره‌كان بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌كردووه بۆ هاوكاری كردنی ئاواره‌كان، لیژنه‌یه‌ك له هه‌ولێر بۆ هاوكاری كردنی ئاواره‌كان پێكهێنراوه، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌سی عێراقی ده‌ستیان له‌ناو لیژنه‌كه دا به سه‌رۆكایه‌تی (سالح موتله‌گ) هه‌یه و گه‌نده‌ڵی زۆر ده‌كه‌ن له هاوكاری كردنی ئاواره‌كان، كه ئه‌مه له‌كاتێك دایه زیاتر له ملیۆنێك و 800 هه‌زار ئاواره له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.
ڕابین شێروانی




