محەمەدی حاجی مەحمود: دەڤەری بارزان دەریایەك فرمێسك و ڕووبارێك خوێنیان ڕشتووە

مێرگەسۆر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شارۆچکەی مێرگەسۆر بە چاودێریی وەزیری پەروەردە و، سەنتەری ڕۆشنبیریی بارزان و مێرگەسۆر هەردووکیان، بە ئامادەبوونی (محەمەدی حاجی مەحموود) و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و جەماوەرێكی زۆر، 105ـەمین ساڵیادی كردنەوەی یەكەم قوتابخانە لە دەڤەری بارزاندا كرایەوە؛ هەر بەو بۆنەیەوە چەندین مامۆستا كە بۆ ماوەیەكی زۆر خزمەتی كەرتی پەروەردەیان كردبوو خەڵات کران.
شێخ (دلێر شەفیق)، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ساڵی 1910 لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، لەسەر دەستی شێخ (عەبدولسەلام بارزانی) یەكەم قوتابخانەی دەڤەری بارزان كرایەوە، ئێستایش هەندێك دیواری ئەو قوتابخانەیە هەر ماوە. لەمێژە لە دەڤەری بارزاندا گرینگی بە زانست و زانیاری دراوە؛ هەڵبەت زۆربەی شێخەكانی بارزان کاتی خۆی بۆ خوێندن چوونەتە نەهری و باڵەكایەتی؛ حوجرەکانی بارزان هەمیشە ئاوەدان بوونە؛ بنەماڵەی بارزانی لەوساوە تا ئێستا زۆر گرنگییان بە كەرتی پەروەردە داوە، ئێستایش 181 قوتابخانە لە سنووری مێرگەسۆر هەن و زیاتر لە 14هەزار قوتابی لەوێ دەخوێنن؛ لە گوندێكی وەك تاتكێ، بە ئەسپ ڕەحلەمان بۆ بردووە، بەس بۆ ئەوەی منداڵەكانی ئەو گوندە لە خوێندن بێبەش نەبن.
گوتیشی: "هەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر مامۆستا خەڵات كران، داوای لێبۆردنیش لەو مامۆستایانە دەكەم كە ساڵانێكی زۆر لە ناوچەكە بوونە و بەبێ مووچە دەوامیان كردووە و خەڵات نەكراون؛ هەق بوو زووتر خەڵاتیان بکەین؛ لە سای سەر ئەوانەوە پەروەردەی ئێمە گەیشتە ئەمڕۆ، كە ئەمڕۆ میلاكێكی خۆجێی زۆر باش لە ناوچەكەدا هەیە."
(محەمەدی حاجی مەحموود)، سكرتێری حزبی سۆسیالیست بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: بارزان كە ناوی دەهێنین تێكۆشان و خەبات و زۆر شتی دیكە بە بیرمان دەهێنێتەوە، هەر لە شێخ (عەبدولسەلام) و شێخ (ئەحمەد) و (بارزانی نەمر) و تا ئێستا، ئەو ناوچەیە دەریایەك فرمێسك و ڕووبارێك خوێنیان ڕشتووە لە پێناو ئازادی و نیشتمان و گەلەكەی خۆیاندا، بۆیە ئەمڕۆ خۆشحاڵ بووم كە سەردانی ئەو ناوچەیەم كردووە و یادی 105 ساڵەی كردنەوەی یەكەم قوتابخانە لە دەڤەری بارزان دەكرێتەوە، ڕەنگە ئەوانەی ئێستا بوونەتە دەوڵەت، ئەوكات لە ئەشكەوت ژیابن.
(پشتیوان سادق)، وەزیری پەروەردە، ڕایگەیاند، لە ڕێگەی كردنەوەی یەكەم قوتابخانە لە كاتی قارەمان و تێكۆشەر و مامۆستای گەورەمان شێخ (عەبدولسەلام بارزانی)ـیەوە چرای زانست بەردەوام بوو تا دەگاتە ئەمڕۆ، ڕاستە دەڤەری بارزان ئێش و ئازاری زۆری بینیوە، گوندەكان چەندین جار سووتاون بە تایبەتی بارزان، بەڵام گەورەترین بڕوانامەی ئەو ناوچەیە شەهید و شۆڕش و كوردایەتی و ژینگەپارێزییە.
شایانی باسە ئەو قوتابخانەیە ١٩/٦/١٩١٠ لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا كراوەتەوە.
ڕابین شێروانی




