٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئۆباما: کێشەی عێراق بە زەبر و سەرباز نابڕێتەوە..هەوڵدەدەین چارەیەکی گشتگیر بۆ گەلانی عێراق بدۆزینەوە

سەرچاوە: KDP.info

واشنتۆن-KDP.info-(باراك ئۆباما) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ شەرقولئەوسەت دا رایگەیاند کە، کێشەی عێراق بە زەبر و سەرباز نابڕێتەوە و، هەوڵ دەدەین بە هاوكاریی هاوپەیمانەکانمان لە عێراق چارەیەکی  گشتگیر بۆ گەلانی عێراق بدۆزینەوە.

چەند لایەنێكی چاوپێكەوتنەكە:
(باراك ئۆباما) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە یەكەم چاوپێكەوتنی لەگەڵ شەرقولئەوسەت'دا سەبارەت بە بارودۆخی عێراق گوتی: "وەختی خۆیشی بۆیە ناڕازی بووم عێراق داگیر بکرێ، ئا ئەم بەزمەم تێدا دەبینی و، دەمزانی ئاوەهای لێ دێ؛ ئەوەتا ئەم ناسەقامگیرییە کێڵگەکەی خۆش کرد قاعیدە لە عێراقیشدا شین ببێت و، داعشە تیرۆریستەکانیش لە سووریا ڕەگیان داكوتا."
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی عەرەبەکانی کەنداو و ئەمەریکا لە 'كەمپ‌دێڤید'دا (باراك ئۆباما) كێشەكانی ناوچەكەی شی كردەوە و، جەختی كردەوە كە وڵاتەكەیان ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەنددییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هەموو هێزەوە ئاساییشی وڵاتە عەرەبەكانی كەنداو بپارێزێت. (ئۆباما) جەختیشی كردەوە وا ئێران سەروکاری تیرۆر دەکا و، وڵاتانی كەنداو ناهەقیان نییە ترسیان لێ بنیشێت.
سەبارەت بەو بەڵێنانەی ئەمەریکا بە وڵاتە عەرەبەکانی كەنداوی داوە، (ئۆباما) گوتی: "سەرانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوكاریی كەنداوم بانگهێشت كردووە هەتا بەینەکەمان خۆشتر بکەین و، ڕێگایەکیش بدۆزینەوە کێشەکانی ناوچەکەی پێ چارە بکەین؛ وا ئەو هەموو خەڵكە بێتاوانە بوونەتە قوربانی و ماڵیان کاول بووە؛ جا ئەمەریکا هەم لەبەر ئەو خەڵکە و، هەم لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیشی بووبێ، لێی دەستەوسان دانانیشێت؛ ئەمەریکا لێ ناگەڕێ لەوێ چەکی کۆمەڵکوژ ساز بکرێ و، تاقمە تیرۆریستان بە کەیفی خۆیان تەراتێن بکەن."
ئۆباما دەڵێ: "ئەمریكاییەكان وا خزمەتی ناوچەکە دەکەن و، لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی هاوبەش، گیانی خۆیان بەخت دەکەن؛ جا با وڵاتانی کەنداو لە بەڵێنەکانی ئەمەریکا نەکەونە گومانەوە و، باش بزان ئەمەریکا بەڵێنی خۆ دەباتە سەر."
(ئۆباما) گوتیشی: "دەبێ بە هەموو شێوەیەک بەری تیرۆریستە بیانییەکان بگرین و، نەهێڵین دزە بکەنە ناوچەکە. بێجگە لەوە دەشێ بیروباوڕە دڕندانەکەی داعش بەرپەرچ بدەینەوە؛ دەست بدەینە دەستی یەکەوە و، پێکەوە کێشەکانی عێراق و سووریا و یەمەن و لیبیا چارە بکەین؛ خۆی ئاگری ناكۆكی و ململانێی هۆزهۆزانێ لێ ناگەڕێ ناوچەكە گەشە بکا و، دەشێ دایمرکێنینەوە."
(ئۆباما) گوتیشی: "جا ئەم کۆبوونەوە بە دەرفەت دەزانم سەرانی وڵاتانی كەنداو لەو دانوستانە ئاگادار بكەمەوە کە لەگەڵ ئێراندا هەمانە؛ خۆی دانوستانەکە لەبەر ئەوەیە ئێران واز لە چەکی ناوەکی بهێنێت با ئاساییشی ناوچەکە لەوە زیاتر تێک نەچێت. ئەم وڵاتانەیش لێرەدا کۆ بووینەتەوە، خەمی ئەوەیشمان لێ نیشتووە ئێران پشتی تیرۆریستیان دەگرێ و، لێی بێدەنگ نابین؛ دیارە ئێران وا خەریکە تیرۆر دەبات بەڕێوە و، ئاسایشی ناوچەکەی تێک داوە؛ لە سووریا پشتی ڕژێمەکەی (بەشار ئەسەدی) گرتووە، حزبوڵای لوبنان و، حەماسی فەلەستینیش پشتیان بە ئێرانەوە قایمە؛ جا وڵاتە عەرەبەکانی کەنداو ناهەقیان نییە ترسی ئێرانیان لێ نیشتووە. ئێمە بەو دانوستانە قەناعەتمان بە ئێران هێناوە واز لە سەرچڵی بهێنێت و ئیتر بە شوێن چەکی ناوەکیدا نەچێت."
(ئۆباما) سەبارەت بە بەهاری عارەبانیش وای گوت: "لە هەندێ وڵاتی وەكو توونس گۆڕانكارییەكە خێری لێ کەوتەوە، بەڵام لە وڵاتی وەكو سووریا بووەتە بەڵای گیانی خەڵک و، وا ڕژێم نیشتووەتە گیانی هاووڵاتیانەوە. خۆی هەر گۆڕانکارییەک خێری لێ بکەوێتەوە و، خەڵک بتوانن خۆیان، چارەنووسی خۆیان بنووسنەوە، ئەمەریکا پێی خۆشە."
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەكانی ئەمەریکا لە عێراقیش گوتی: "لەو چەند ساڵەدا ئەمەریكا لەبەر خاتری عێراقییەکان سەدان‌ملیار دۆلاری خەرج كرد و، هەزاران ڕۆڵەیشی لێ کوژرا. ئەو هەمووەی کرد بەشکەم عێراقییەكان حكوومەت و سوپایەکی نوێ دابمەزرێنن، کەچی کابینەی پێشووی عێراق ڕیسەکەی کردەوە خوری و، خەڵکێکی زۆری پەراوێز خست؛ بەو هەموویەیشەوە کە کردمان، پار کە داعش هات، حکوومەتی عێراق لە بەریان هەڵهات، ئیتر یان بە خۆی نەیویست یان نەیتوانی نازانم؛ خۆی كێشەكە تەنها سەربازی نییە، بەڵكو سیاسییشە. دە با پەند لەو دوازدە ساڵە وەربگرین؛ کێشەی عێراق بە زەبر و سەرباز نابڕێتەوە و، هەوڵ دەدەین بە هاوكاریی هاوپەیمانەکانمان لە عێراق چارەسەرێكی گشتگیر بۆ گەلانی عێراق بدۆزینەوە. بە هاوكاریی هاوپەیمانە عەرەبەكانیشمان داعشمان زەمینگیر کردووە و، لە هەندێ ناوچەیش پاشەكشەمان پێ كردووە؛ ئەگەرچی داعش بەم‌ئاسان لەناو ناچێت، بەڵام وا چارەکێکی ناوچە داگیرکراوەکانی عێراقمان پێ چۆڵ کردووە و، ئاخری هەر سەر دەکەوین. ئێمە هەم هێزە خۆماڵییە عێراقییەكان ڕادەهێنین و، هەمیش با هانای خەڵکەکەوە دەچین. عێراق ئاوەدان دەبێتەوە بەو مەرجەی هەرهەموویان پێکەوە كار بكەن و، هیچ لایەنێك فەرامۆش نەكەن."

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار