٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای هەولێر: کەمپی عەرەبەکانی سنووری قەراج و کەندیناوە دەکەوێتە دەرەوەی پشتێنە ئەمنییەکەی هەولێرەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دروستکردنی کەمپێک لۆ عەرەبەکانی كۆچبەرانی عەرەبی خەڵكی سنووری قەراج و كەندیناوە ڕایدەگەیێنیت کە، ئەو خانووانەی كە دروست دەكرێت وەكو كەمپی نیشتەجێی كاتییە كە لە ترسی داعش ماڵ و حاڵیان چۆڵ كردووە و، لە ڕووی ئەمنییشەوە وا باشترە، چونکە ئەم کەمپە دەکەوێتە دەرەوەی پشتێنە ئەمنییەکەی شاری هەولێرەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:
     لە وەڵامی ئەو ڕیپۆرتاژەی ڕۆژنامەی وشە لە ڕۆژی چوارشەممە 13/5/2015  كە لەلایەن (رامیار جەواد) ئامادەكراوە بە ناوی (هەولێر لە فۆرمێكی نوێدا تەعریب دەكرێ، لە نزیكی هەولێر هەزار خانوو بۆ عەرەب دروست دەكرێت)، دەڵێین:
    دروستكردنی هەزار خانوو لەلایەن وڵاتی دۆست، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەب و هاوپەیمانمان لەسەر ڕووبەری 60 تاكو 70 دۆنم زەوی لە نزیك شارۆچكەی دیبەگەی سەر بە پارێزگای هەولێر كە هەر خانووی بە ڕووبەری 55 مەتری دووجایە و لە ژووری خەوتن و چێشتخانە و ئاودەست پێك دێت، بەشێكە لە پرۆسەی دروستكردنی كەمپ بۆ لەخۆگرتنی ئەو ئاوارە و كۆچبەرانەی كە بە هۆكاری شەڕی داعش پەرتەوازەی سنووری پارێزگای هەولێر بوونە و، ئەو خانووانەش تایبەتن بە كۆچبەرانی عەرەبی خەڵكی سنووری قەراج و كەندیناوە كە خەڵكی ڕەسەنی پارێزگای هەولێرن و لە ترسی داعش و بەهۆكاری نەبوونی سەقامگیری لە سنوورەكەیان بە شێوەی كاتی لەو شوێنە نیشتەجێ‌ دەكرێن كە دەكەوێتە دەرەوەی پشتێنە ئەمنییەکەی شاری هەولێر و هیچ كێشەیەكیان لە ڕووی ئەمنی و سەلامەتی هەڵوێست نییە و پرسی نیشتەجێبوونیشیان بە شێوەی كاتییە تا ئەو كاتەی دەتوانن بەبێ‌ ترس و بە ئارامی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان ، لەو گوند و دێهاتانەی سنووری قەراج و كەندیناوە لە سنووری پارێزگای هەولێر .
    هەبوونی كەمپێكی لەم شێوە بۆ ئیدارەی پارێزگا و حكوومەتی هەرێم لە ڕووی ئەمنی و ئیداری و خزمەتكردنەوە زۆر گونجاوە و چارەسەرێكی باشترە لەوەی ناچار بن لە دەرەوەی سنووری خۆیان نیشتەجێ بن؛ جا بە هەماهەنگی ئیدارەی پارێزگا و كۆمسیۆنی پەنابەران و ڕێكخراوەكانی كۆمەكبەخش ئیدارە دەكرێن و نە دیموگرافیا دەگۆڕن و نەیش هیچ، چونكە هەم خەلكی ئەو سنوورەن و هەم بە شێوەی كاتی لەوێدا نیشتەجێ‌ دەبن تا دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكانی خۆیان؛ جگ لەوەیش کارەکە بێسەروبەر نییە و بە دەست پارێزگاوەیە و دوای ڕەوینەوەی ئەم بارودۆخە ناهەمووارەش، دەبێتە هەلێک بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەرێم.
    هەربۆیە ئەو ئاماژانەی كە لە نێوەرۆكی ڕیپۆرتاژەكەدا هاتووە كە حكوومەتی هەرێم لە مەترسی هەر حالەتێكدا دەبێت ئاگادار بكرێتەوە، دەڵێین دروستكردنی ئەم كەمپە بە ڕەزامەندی و ئاگاداری حكوومەتی هەرێمە و بە هەماهەنگی پارێزگا لەو شوێنە دروست كراوە و، سوپاسی دەوڵەتی ئیمارات و كونسووڵگەرییەکەی ئەو وڵاتەیش دەکەین لە هەولێری پایتەختدا كە هاوكار و هاوپەیمانی گەل و حكوومەتی كوردستانن كێشەی ئاوارە و كۆچبەران چارە بکات و، لە شەڕی داعشیشدا پشتیوانیمان دەکەن؛ خەرجی و ئەركی دروستكردنی ئەم كەمپەیشیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار