نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان: ئێمینکی بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئاگادار نەکرایەوە و، ئەمەیش مایەی قبوڵ نییە

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوکەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا بەشدارنەبوو؛ نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت، جیگری سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێر ئاگادار نەکرایەوە و ئەمەیش جیگەی قبوڵ نییە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
ئەمڕۆ پێنچشەممە ١٤/٥/٢٠١٥ هەواڵی کۆبونەوەی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا بڵاو کرایەوە گوایە لەو کۆبونەوەیە جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبووە.
لێرەوە بە تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیشی ڕادەگەیێنین تاکە هۆکاری ئامادەنەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەو کۆبونەوەیەدا ئەوە بوو سەرۆک و سکرتێر یاخود نووسینگەی بەڕێزیان بانگی ئێمەیان نەکردبوو؛ بە داخەوە ئەمە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە.
وەک هەموو لا دەزانن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کارەکانی پەرلەمانی کورستان بەڕێوە دەبات و ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی حکوومەتەکەی لەسەر بنەمای تەوافوقی نێوان پێکهاتەکان و فەرامۆشنەکردنی هیچ کەس و لایەنێکە؛ بۆیە ئاگادارنەکردنەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەیەکی وا گرنگ و هەستیاردا مانای زۆر هەڵدەگرێ و هەرگیز لێیانی قبووڵ ناکەیەن. دووپاتیشی دەکەینەوە کۆبونەوەی لەو چەشنە بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نەزۆکە و هیچ بەرهەمێکی لێ شین نابێ.




