نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەكردنی كێشەكان نەبێت، بژاردەی دیكەمان هەیە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند: "ئەمەریكامان ئاگادار كردووەتەوە كە بەغدا بە یاسای بوودجەوە پابەند نەبووە و هەندێ لێدوانیش لە بەغدا دەدرێن، خزمەت بە هیچ لایەك ناكەن". گوتیشی: "ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەكردنی كێشەكان، نەبێت ئەوا بژاردەی دیكەمان هەیە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤-ی ئایاری 2015، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی) و وەزیرانی پەیوەندار، سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لە لایەن سەرۆكی پەرلەمان (د. یووسف محەممەد سادق) و جێگری سەرۆكی پەرلەمان (د. جەعفەر ئێمینكی) و سكرتێری پەرلەمان (فەخرەددین قادر)ـەوە پێشوازییان لێ كرا و لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ساز كرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی پەرلەمان (د. یووسف محەممەد سادق)، هیوای خواست كۆبوونەوەكە هەنگاوێك بێت بەرەو كۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەكانی پێوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان، داوای لە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد، دوایین هەنگاو و پێشهاتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.
(نێچیرڤان بارزانی)، ئاماژەی بە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد و گوتی: "بە داخەوە بەغدا هەر جارەی بە بیانوویەك كێشەمان بۆ درووست دەكات، ئێمە پانەندی ڕێككەوتنەكە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستانی وەك خۆی نەناردووە."
لەبارەی پلانی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، سەرۆكوەزیران گوتی: "هەرێمی كوردستان كارتی بەدەستەوەیە بەكاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێك بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەكان چارە بكەین."
دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان، پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حكوومەتی هەرێم كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و لیژنە پەیوەندارەكان، پشتگیرییان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری پابەندنەبوونی حكوومەتی فیدراڵ بە یاسای بوودجەی عێراقەوە و نەناردنی بڕەپارەی شاییستەی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان ڕێكاری دیكە بۆ دابینكردنی بودحەی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان بگرێتە بەر.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "بەداخەوە حكوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بوودجە نەبووە، ناكرێت پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغدایش بە بیانووی جیاواز بوودجەكەی ببڕێت".
هاوكات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند: "ئەمەریكامان ئاگادار كردووەتەوە كە بەغدا بە یاسای بوودجەوە پابەند نەبووە و هەندێك لێدوانیش لە بەغدا دەدرێن، خزمەت بە هیچ لایەك ناكەن".
گوتیشی: "ئەولەوییەتی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا كێشەكە چارە بكەین، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادە نەبوو، ئەوا چارەی دیكە هەیە".
دەربارەی پرسی سەربەخۆییش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "(سەرۆك بارزانی) لە گەشتەكەیدا باسی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە".
(نێچیرڤان بارزانی) راشیگەیاند: "گەورەترین كێشەی هەرێمی كوردستان، دابەزینی نرخی نەوت بوو، هەرێمیش ئێستا هیچ نەوتێك نانێرێتە دەرەوە، جگە لەوەی لە رێگەی سۆمۆوە ڕەوانەی دەرەوەی دەكات".
هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (یوسف محەممەد) جەختی لەوە كردەوە كە، بەپێی یاسای بوودجە، هەر لایەنێك پابەند نەبوو بە رێككەوتنەكەوە، دەكرێ لایەنەكەی دیكەیش پابەند نەبێت و گوتیشی: "ئەگەر بەغدا بە ناردنی بوودجەوە پابەند نەبوو، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی بژێویی خەڵك لە سەرچاوەی دیكەوە پەیدا بكات".




