پێشمەرگە بەپێی نەخشەی سەربازی پێشڕەوی دەكات.. شادەماری تیرۆریستان پچڕێنراوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری خازر ئاماژە بەوە دەدات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان جگە لەوەی هێزێكی لێهاتوو و بەهێزە لە شەڕكردندا، لە هەمان كاتدا نەخشەی سەربازیی تۆكمە دادەڕێژێت و سەركەوتنی یەكجار گەورەیشی بە دەست هێناوە.
بەرپرسی میحوەری خازر (فەرەیدوون جوانڕۆیی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر بەپێی نەخشەی سەربازی سەیری بەرەكانی جەنگ بكرێت، ئەوا دەبینین كە شوێنە گرینگ و ستراتیژییەكان بە دەست ئێمەوەن، بۆیە كاتێك فڕۆكەی هاوپەیمانان بە ئاسانی لە بنكە و بارەگای تیرۆریستانی داعش دەدەن، ئەگەر نەخشەیەكی بەهێزی سەربازی لەلایەن پێشمەرگەوە نەبێت، ئەوا فڕۆكەكانیش ناتوانن وەك پێویست ئامانج بپێكن، دەشزانین گەورەترین گرفتی فڕۆكەی هاوپەیمان لە خواروی پارێزگای مووسڵ نەبوونی هەماهەنگییە لە نێوان ئاسمان و زەمیندا، بەڵام لێرە ئەو گرفتە نییە و لە ماوەی ڕابردوودا گەورەترین گورزی كوشندە لە داعش دراوە".
(جوانڕۆیی) گوتیشی: "شادەماری تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە بڕاوە و جۆرێك لە شپرزەبوونیان پێوە دیارە، بۆیە پێشمەرگە لە بەئامانجگرتنی داعش لە سەرجەم میحوەرەكان بەردەوام دەبێت و بەشێكی زۆری مۆڵگەكانیشیان كراونەتە ئامانج".
كارزان سەباح هەورامی




