٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد حوسێن: هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ توركیا دەست پێ دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، دوای ئەوەی بە هۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راگیرا، بڕیارە ئەمڕۆ دووبارە دەست بە هەناردەكردنی بكرێتەوە. جەختیشی كردەوە كە، لەو كێڵگانەی هەرێمی كوردستان نەوتیان لێوە هەناردە دەكات، هیچ كێشەیەك نییە.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیژنەی نەوت وگاز (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ بە هۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە كۆمپانیای باكوور راگیرا، كێشەكەیش لەناو خاكی توركیا بووە و لە پارێزگای كەركووك نەبووە، چونكە لە توركیاوە داوای راگرتنی نەوتیان كردبوو بە هۆی ئەوەی لای ئەوان كێشەیەك دروست بووە".
(حوسێن) گوتیشی: "كێشەكە زۆر گەورە نییە و بڕیارە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا چارە بكرێت و، بڕیارە ئەمڕۆیش دووبارە دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیهانی توركی بكرێتەوە و هیچ كێشەیەك نامێنێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا لە كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركووك رۆژانە ١٤٧هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و سەرەڕای دروستبوونی ئەو كێشەیە، ئەوان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و لەناو كۆگاكان دایدەنێن، تاوەكو كێشەكەیش چارە ببێت هەنارەی دەرەوەی دەكەن.
هەروەها گوتی، لەو كێڵگانەی هەرێمی كوردستان نەوتی لێ هەناردە دەكات، هیچ كێشەیەك نییە و هەناردەكردنەكە بەردەوامە.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار