بەرپرسێكی پارتی: دۆخی بەغدا زۆر خراپە و سوكایەتی بە سوننە و كوردەكانیش دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ماوەیەكە لە بەغدا هێرش دەكرێتە سەر سوننەكان و شەوی رابردوویش ئاگر بەردرایە وەقفی سوننی و پێنج ماڵ و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سوننەكان سووتێندران، بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، دۆخی بەغدا زۆر خراپە و نەك تەنیا سوننە، بەڵكە سوكایەتی بە كوردیش دەكرێت.
كارگێڕی لقی 5-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دكتۆر (سەباح برایەتی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا رێگای كەركووك بۆ بەغدا داخراوە و هاتوچۆ بە فڕۆكە دەكەین و لە فڕۆكەخانەیش قەرەباڵغی زۆرە و لەناو ئۆتۆمبێلەكان سوكایەتی بە كوردەكان دەكرێت و پرسیاریان لێ دەكەن ئێوە سەر بە كامە حیزبی سیاسین لە هەرێمی كوردستان، بۆیە دۆخی بەغدا زۆر خراپە و خەڵكەكە ئارام نییە".
(برایەتی) گوتیشی: "لە ئێستادا دیاردەیەك پەیدا بووە و هێرش دەكرێتە سەر سوننەكانی بەغدا، ئەوانیش شیعەكان تۆمەتبار دەكەن و شیعەكانیش ئەوە رەت دەكەنەوە و باس لەوە دەكەن سوننە خۆی هێرش دەكاتە سەر سوننە بۆ ئەوەی شكۆی شیعە بشكێنن".
كارگێری لقی 5-ی پارتی راشیگەیاند: "هەر كوردێك ئەگەر لە بەغدا بێت و ناوی عومەر بێت، لەلایەن شیعەكانەوە زۆر كێشەی بۆ دروست دەكرێت، بۆیە لە ئێستادا كێشەكە بووەتە تائیفی و دۆخی بەغدایش زۆر خراپ بووە".
بڵند ئیبراهیم




