نێچیرڤان بارزانی دەچێتە پەرلەمان

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەینێ ئەنجوومەنی باڵای نەوتوگاز بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمان دەکەن و، بۆ تاوتویکردنی چەند پرسێک لەگەڵ پەرلەمانتاراندا کۆ دەبنەوە.
(ئومێد خۆشناو) سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە سەعات ٩:٠٠ـی بەیانی ئەنجوومەنی باڵای نەوتوگاز بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ پەرلەمان لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا."
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، لە میانەی سەردانی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی باڵای نەوتوگاز ڕوونکردنەوە دەدەنە پەرلەمان لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا کە بۆ تا ئێستا بەغدا پابەند نییە و، لەبەر چی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێ.
(خۆشناو) ڕایشیگەیاند، خاڵێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمان لەبارەی ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە کە گەیشتووەتە چ ئاستێک و، ئێستا ڕۆژانە چەند ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




