٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دامەزراوەی جایكا پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێم جێبەجێ دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی دامەزراوەی جایكا لە میانی سەردانی بۆ لای سەرۆکوەزیرانی کوردستان رایگەیاند کە، پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەکەن..لای خۆیشیەوە سەرۆکوەزیرانی کوردستان، سوپاسی دامەزراوەی جایكای كرد بۆ كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەك لە كارمەند و كادیرانی حكوومەت بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا پسپۆڕیی و كارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13/5/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئەكیهیكۆ تاناكا) سەرۆكی دامەزراوەی گەشەپێدانی ژاپۆنی (جایكا) و  باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی دامەزراوەی جایكا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكاریی و ئاسانكارییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێم پێشكەشیان كراوە و بۆ پرۆژەكانی داهاتووشیان پێشكەشیان دەكرێ.

هەروەها باسی لە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە بە پارەداركردنی دامەزراوەی جایكا بەشێك لەو پرۆژانە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن و بەشێكی دیكەشیان لە داهاتوویەكی نێزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی دامەزراوەی جایكا و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لەڕابردوودا بۆ هەرێم كردوویانە و هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا جێبەجێیان دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرەوپێشەوە بردنی زیاتری ژێرخانەكەیەتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سود هەم لە ئەزموون و هەم لە پارەداركردنی ژاپۆن وەرگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی پێویست بە تایبەتی ئەو پرۆژانەی لە داهاتوودا لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆدا لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی دامەزراوەی جایكای كرد بۆ كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەك لە كارمەند و كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا پسپۆڕیی و كارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار