٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ هەرێم سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەگەر بەغدا بەردەوام بیت لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، ئەو کات ھەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و راستەوخۆ بڕیاری فرۆشتنی نەوت دەدات.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی ھەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بڕیار درا ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەرێم، ئەوا هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ نەوت دەفرۆشێت و، چیتر نەوت رادەستی بەغدا ناکرێت.
حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، ئێستا ھەرێمی کوردستان ٥٥٠ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات و، پابەندە بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدادا، بەڵام ئەوان تا ئێستا ئەوان پابەند نین بە ڕێککەوتنەکەوە، جا ئەگەر بەغدا بەم شێوەیە بەردەوام بێت ھەرێم بە پێی یاسایەک کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، دەتوانێ بە دوای سەرچاوەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی خۆیدا بگەڕێت، بۆیە ئەوکات نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەفرۆشین و ڕادەستی بەغدای ناکەین.
(حاکم سەرحان) ئەوەیشی گوت، تا ئێستا بەغدا بۆ ئێمەی ڕوون نەکردووەتەوە کە ھۆکاری چیە بەشی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە رەوانە ناکەن، جارێ نامەیەک ئاراستەی بەغدا دەکەین با بزانین ھۆکارەکەی چییە، ئەو کات گەر زانیمان بێئەنجامە بڕیاری خۆمان دەدەین.
بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار