داعش لە ترسی پێشمەرگە پردێكی تەقاندەوە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش مزگەوتێكی كۆنی مووسڵ و پردێكیان لە تەلەعفەر لە ترسی هێرشی هێزی پێشمەرگە تەقاندەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش پردی عەیازییەیان تەقاندووەتەوە كە دەكەوێتە باكووری تەلەعفەر، ئەمەیش لە ترسی هێرشی هێزی پێشمەرگەیە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك پێشمەرگە هێرشیان كرد، تیرۆریستان هەڵبێن، چونكە ورەیان ڕووخاوە".
(مەموزینی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش مزگەوتی مریەم خاتوون كە دەكەوێتە گەڕەكی حەوش خان تەقادووەتەوە، كە لە ساڵی ١٨٣١دروست كراوە و شوێنەواری بووە و لەلایەن ئەو ئافرەتەوە دروست كراوە كە مزگەوتەكەی بە ناو كراوە".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ٨٨ كەسیان دەستگیر كردووە كە ئامادە نەبوون بچنە بەرەكانی جەنگەوە.
بڵند ئیبراهیم




