عارف تەیفوور: ئەمەریكا دڵنیایی داوەتە سەرۆك بارزانی.. هەڵوێستی هەنگاریا چاوەڕوانكراو بوو

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عارف تەیفوور) دەڵێت، ئەمەریكا دڵنیایی تەواوی داوەتە (سەرۆك بارزانی) كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی هەرێم دەكەن و رێگە نادەن ئەو ئەزموون و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە، تێكبچێت. پێوەست بە سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـیش بۆ هەنگاریا گوتی، ئەو سەردانە زۆر گرینگ بوو كە پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێم راگەیاند و چاوەڕوانیش دەكرا ئەو هەڵوێستەیان هەبێت.
ئەندامی سەركردایەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عارف تەیفوور) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا لە كاتێكی زۆر هەستیاردا بوو كە دۆخی عێراق بەرەو قەیران و ناخۆشی دەڕوات بە هۆی بوونی داعش و كێشەی نێوان سوننە و شیعە، بۆیە سەردانەكە زۆر گرینگ بوو و لەوێیش لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) كرا، هەرچەندە پڕوپاگەندەی ئەوە دەكرێت كە پێشوازییەكە وەكو پێویست نەبوو، بەڵام بەراستی لەسەر ئاستی باڵادا پێشوازیی لێ كرا و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و وەزارەتی بەرگری و دەرەوەدا، دڵنیایی تەواو دراوەتە (سەرۆك بارزانی) كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی هەرێم دەكەن و رێگە نادەن ئەو ئەزموون و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە، تێكبچێت و دوژمن شتێكی ناجۆر دروست بكەن، بۆیە ئەمانە هەمووی بۆ كورد زۆر گرینگ بوون".
(عارف تەیفوور) كە لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پۆستی جێگری سەرۆكی هەبوو، گوتیشی: "ڕاستە لە ئەمەریكا باسیان لەوە كردووە پشتگیری لە یەكیەتیی خاكی عێراق دەكەن، بەڵام بەڵێنیان داوە كە پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بكەن، میللەتی كوردیش ئەو قۆناخەی تێپەڕاند كە تێیدا بوو و لە ئێستادا لە قۆناخێكی جیاوازدایە، بۆیە پێویستە هەموو كورد بەو سەردانەی (سەرۆك بارزانی) دڵخۆش بن".
سەبارەت بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ هەنگاریایش، (تەیفوور) گوتی: "ئەو سەردانەیش زۆر گرینگ بوو كە پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێم راگەیاند و چاوەڕوان دەكرا ئەو هەڵوێستەیان هەبێت، چونكە دەمێكە پشتگیریی بزاڤی كوردی دەكەن و پەیوەندییەكی ئابوورییان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، بە تایبەت كۆمەڵێك كۆمپانیای هەنگاریایی لە هەرێم لە بواری نەوتدا كار دەكەن، بۆیە ئەمە هەڵوێستێكی جوامێرانە بوو".
بڵند ئیبراهیم




