٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و فڕاكسیۆنەكان چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا تاوتوو دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بڕیار وایە سبەی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و هەندێك لە ئەندامانی كورد لە بەغدا لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆ ببنەوە، ئەندامێكی نەوت و غازیش ئەو كۆبوونەوەیە بە كۆبوونەوەیەكی گرینگ دەزانێت، بۆ ئەوەی كورد لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر كێشەكانی لەگەڵ بەغدا و چۆنیەتیی چارەكردنیان بدات.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (كاوە محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا زۆر گرینگە و لە كاتی خۆیدایە، پێویستە بەردەوام ئەو كۆبوونەوانە بكرێن، پێشتریش چەند جارێك كۆ بووینەتەوە و، داوامان كردووە ئەو كۆبوونەوانە بكرێنە دەوری و بەردەوام ئاگامان لە یەكدی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەر دوولا وەك یەك تیم كار بكەین، پێویست دەكات ئێمە وەك نوێنەرانی كورد وردەكاری و زانیاریمان لابێت و لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێم ئاگادار بین، ئەوانیش ئاگاداری وردەكاریی بەغدا بن،  پرس و ڕا بە نوێنەرانی كورد بكەن پێش ئەوەی بڕیار بدرێت".
(كاوە) گوتیشی: "ئەو كۆبوونەوەی سبەینێ لە كاتێكدایە كە كێشەیەك هاتووەتە پێش ئەویش ئەوەیە كە، بەغدا رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكات، حكوومەتی عێراق پارەی كەمی بۆ هەرێم ناردووە، لە بەرانبەر ئەو نەوتەی لە لایەن هەرێمەوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كراوە، بۆیە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی كێشەكان و چۆنیەتیی چارەكردنیان دەكەین، بە تایبەت ئەوەی كە كورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بكات".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیشی دا: "هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە لە لایەن بەغداوە، بڕیاری سیاسیی لە پشتەوە هەیە،  نەك مەسەلەكە پەیوەندی بە نەبوونی پارەوە هەبێت، هەندێك لایەن لەناو حكوومەتدا هەن حەز ناكەن ئەو ڕێككەوتنە سەر بگرێت، بەڵام پێویستە چ ئەوانەی بەغدا و چ ئێمەیش، درێژە بە پەیوەندییەكان بدەین تا بزانین بەغدا چی دەكات و نیازی چییە".
ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار