قەشە یوسف: ئاسوودەین كە سەرۆك بارزانی هاوكاریمان دەكات.. لە كوردستان بێگرفتین

مەقلوب-KDP.info- قەشەی پەرستگای مارمەتای (قەشە یوسف) كە پەرستگایەكی كۆنی مەسیحییەكانە لە عێراق دەڵێت: "ئێمەی مەسیحی لە كوردستان زۆر ئاسوودەین، چونكە (سەرۆك بارزانی) هەموو كات هاوكاریمان دەكات". ڕوونیشی دەكاتەوە كە، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچییەكمان پێویست بووە، بۆی دابین كردووین".
قەشەی پەرستگای مارمەتای (قەشە یوسف) كە پەرستگایەكی كۆنی مەسیحییەكانە لە عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پاتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە دەكەین بۆ پاراستن و سەلامەتیی گیانیانمان لە دەست تیرۆریستیانی داعش و هەمیشەیش هەست بە ئاسوودەیی دەكەین، چونكە سەرۆكێكی وەك (سەرۆك بارزانی) هاوكاریی جیددیمان دەكات، بۆیە دەڵێم خوا بیپارێزێت".
(قەشە یوسف) گوتیشی: "سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەین كە توانیویەتی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بمانپارێزێت، ئێمەیش وەك كریستیانەكان ئەگەر لەگەڵ كوردستان بمێنینەوە، ئەوا زۆر ئاسوودەین و زیاتریش هەست بە ئارامی دەكەین، ئەمەیش راستییەكە و كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات".
پێوەست بە بارودۆخی ئێستای كوردستانیش، ئەو قەشەیە دەڵێت: "ئێستا بارودۆخی كوردستان زۆر ئاڵۆزە، بۆیە ئەو هاوكارییەی دەكرێین، زۆر بە باش و پێویستی دەزانین، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی دژواردایە سەرەڕای بوونی شەڕی گرووپی تیرۆریستیی داعش، زیاد لە ملیۆن و نیوێك ئاوارە بە (مەسیحی و ئێزدی، شەبەك و عەرەب)ـەوە روویان لە شارەكانی كوردستان كردووە و بوونەتە بارگرانی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 1991 كە گەلی كورد ئاوارە بوو، جێگەیەك نەبوو پەنایان بدات و لەو وڵاتانەش كە پەنا دران، بارودۆخیان زۆر زۆر خراپ بوو".
سەبارەت بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆیان، (قەشە یوسف) گوتی: "حكوومەت هەرچییەكمان پێویست بووە بۆی دابین كردووین".
پەرستگای مارمەتای مێژووەكەی بۆ سەدەی پێنجی زایین دەگەڕێتەوە كە، جێگەی پێگەیاندنی زۆرێك لە قەشەكان بووە و چەندین جار و لەلایەن چەندان داگیركارەوە رووخێنراوە و دواتر ئاوەدان كراوەتەوە. شوێنەكەیشی نزیكەی 35 كم لە باكووری خۆرهەڵاتی مووسڵەوە دوورە.
خەسرەو حەمەڕەشید




