ئێمینکی: گشت پێکهاتەکان لە هەرێم وەک یەک جێگەی بایەخ و ڕێزن

هەولێر-KDP.info-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پێشوازی شاندێکی ئەرمنییەکاندا دەڵێ، لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە زاراوەی کەمە نەتەوە نییە، بەڵکو هەموو پێکهاتەو نەتەوەکان وەک یەک جێێ بایەخ و ڕێزن.
ئەمرۆ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی کۆنگرەی نیشتمانی ڕۆژئاوای ئەرمەنیەکان کرد کە بە یاوەری (سالم کاکۆ) ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان سەردانیان کردبوو.
لە دیدارێکدا وێرای دووپاتکردنەوەی پەیوەندی برایانەی نێوان پێکهاتەکان و ڕەوشی ئەرمەنیەکان لەهەرێمی کوردستان تیشک خرایە سەر ئامانجی هاتنی شاندەکە بۆ ئامادەکردنی شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەرمەنی لە وڵاتانی دنیا بۆ ئەوەی لەنزیکەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان بکەن.
لەلایەن خۆیشیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئامانجی سەردانەکەیان دووپاکردەوەو ئەوەی ڕاگەیاند لە هەرێمی کوردستان باوەرمان بە زاراوەی کەمە نەتەوە نییە بەڵکو هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان وەک یەک جێێ بایەخ و ڕێزن.
مێژووی دوور و نزیک کە شایەدی ئەو گیانی برایەتی و تەباییەی نێوان پێکهاتەکان دەدات هاوکات دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاتنی بەردەوامی شاندەکان و لەنزیکەوە تێگەیشتن لەرەوشی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان و نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکەی پێک هێنا.




