پلانێك ئامادە كراوە.. پێشبینی دەكرێ 70%ـی خەڵكی مووسڵ ئاوارە ببن

هەولێر-KDP.info- (د. دیندار زێباری) و (ئیمانویل گیگ ناك) جەختیان لە گرینگیپێدانی زیاتر بە باشتركردنی رەوشی ئاوارەكان كردەوە و سەبارەت بە ئازادكردنی شاری مووسڵیش، پێشبینیی ئەوە دەكەن 60-70%ـی خەڵكی شارەكە ئاوارە ببن. باسیان لەو پلانەیش كرد كە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكانەوە ئامادە كراوە.
لە دیدارێكی نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) و بەڕێوەبەری ئاژانسی (UNHCR) لە كوردستان (ئیمانویل گیگ ناك) دەربارەی رەوشی ئاوارە و پەنابەران لە كوردستان، هەردوولا جەختیان لە گرینگیپێدانی زیاتر بە باشتركردنی رەوشی ژیانیان كردەوە، (ئیمانویل گیگ ناك) لەم بارەیەوە رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم پێویستی بە هاوكاریی زیاتری حكوومەتی عێراق و وڵاتە كۆمەكبەخشەكان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم لێشاوە زۆرەی ئاوارەكان و لەو رووەوە ئاژانسی (UNHCR) بەردەوامە لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییە تایبەتەكانەوە.
دەبارەی ئاوارەكانی كۆبانییش، (گیگ ناك) گوتی: "دوای كردنەوەی سنوورەكان رۆژانە 600 كەس لە كۆبانییەوە هاتوونەتە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، ئێستا زیاتر لە 34000 ئاوارەی كۆبانی لە كوردستان نیشتەجێن و دوای ئازادكردنی كۆبانی، ئێستا بەشێكیان دەیانەوێ بگەڕێنەوە".
ئازادكردنی مووسڵ و ئەو ناوچانەی كە پێش ئێستا لە دەست داعش ئازاد كراون، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەم بارەیەوە ئاماژە بەو تیمانەی یوئێن درا كە سەردانی چەند ناوچەیەكیان كردووە بە تایبەتی رەبیعە و ئامرلی، بەڵام زیاتر بۆ كۆكردنەوەی زانیاری بووە، سەبارەت بە شاری مووسڵیش پێشبینییان كرد 60-70 %ـی خەڵكی شارەكە ئاوارە ببن. بۆیە پلانێك لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكانەوە ئامادە كراوە كە بتوانرێت یارمەتیی دەیان هەزار كەس بدرێت و، پێویستە حكوومەتی عێراقیش هاوكاری بكات.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) رایگەیاند: "حكوومەتی عێراق وەكو پێویست ئەركی خۆی ئەنجام نەداوە بەرانبەر بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە كوردستان كە لە ناوچەكانی دەشتی مووسڵ و خواروو و ناوەڕاستی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێویستیان بە هاوكاریی زیاترە، بە تایبەتی كە لە وەزری هاوین نزیك دەبینەوە".
لە لایەن خۆیەوە (زێباری) ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە بارەی پرسی ئاوارەكان لە كوردستان و چۆنیەتیی پێشكەشكردنی هاوكاریی زیاتریان، دووپات كردەوە.




