گۆڕان عەبادی دایە بەر ڕەخنە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیستی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) دەداتە بەر ڕەخنە بەوەی كە، ناشێت هەمان حیسابی پارێزگایەك بۆ هەرێمی كوردستان بكرێت، لە كاتێكدا دوو ملیۆن ئاوارەی لە خۆ گرتووە و، دەخوازێت (عەبادی) چاوێك بە شێوازی مامەڵەكردنی بە دۆسیەگەلی پێوەست بە هەولێر و بەغدادا بخشێنێتەوە.
لە بەیاننامەیەكیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (وشیار عەبدوڵڵا) دەڵێ: "ئێمەی كورد درك بە قەبارەی گوشارەكانی سەر حكوومەتەكەی (عەبادی) دەكەین، جا چ لە ڕووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە بێ، هەروەها درك بە ئەو گوشارانەیش دەكەین كە لە نێو هاوپەیمانیی نیشتیمانی و ئاڕاستە هەڵەكانیدا كە لە لایەنێكەوە دەردەكرێن و خزمەت بە لێكنزكبوونەوەی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم ناكەن؛ هەڵبەت ئەم هەوڵانە بۆ لێكدوورخستنەوەی هەردوو لایە."
(وشیار عەبدوڵڵا) هەروەها ئاماژە دەدات: "بەڵام ئێمە گلەییەكانمان لە دكتۆر (عەبادی)ـین بەوەی كە، تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مێژوویی و دۆز و گەلەوە نادیتە دەگرێ؛ گەلی كورد كە لە پێناو ئازادیی عێراقدا لە چەند دەیەی ڕابردوودا قوربانیی داوە، ئەمڕۆ لە مافەكانی بێبەش كراوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە گۆڕانی دیموكراتی لە ٢٠٠٣ـوە بەرپا بووە."
زیاتر ڕوونی كردووەتەوە: "ڕەوا نییە (عەبادی) مامەڵەی پارێزگایەك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات كە، زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی پێكهاتە جیاكانی شەڕی داعشی پەنا داوە و، بەراورد بە ئەو پارێزگایانەی كە تەنیا ژمارەیەكی زۆر كەم پەنابەریان حەواندووەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەرێم لە دۆخێكی ئابووریی خراپدایە، ئاوارەكان هەست بە ئارامی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویست دەكەن."
سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەكەیدا دەیشڵێت: "سەرباری ئەوەی هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبێ، هێشتا لە شەڕی ڕێكخراوە تیرۆریستەكەی داعشە، بێئەوەی هێج هاوكاریێكی لە ڕووی چەكداركردن و مەشقپێكردنی هێزەكەیەوە پێ بگات."
لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا (عەبدوڵڵا) دەڵێ: "هەموو ئەمانە وامان لی دەكەن بڵێین سیاسەتی (عەبادی) بەرانبەر بە كوردستان هەڵەیە؛ هەڵبەت دەبێ بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق هەست بە بەرپرسارەتی بكات و، بەشی خۆی (هەرێم) لە بوودجەی گشتیی عێراق ٢٠١٥ بۆ خەرج بكات، هەروەها هاوكێشەی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بخوێنێتەوە."
زریان زیاد




