٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێداویستییەكانی وەرزی هاوین بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  بە هۆی نزیكبوونەوەی وەرزی گەرماوە، لە سنووری پارێزگای دهۆك پێداویستییەكانی ئەو وەرزە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكرێت، تا لە نەخۆشی و كێشەی جۆراوجۆر بەدوور بن، بەرپرسی كەمپەكانی دهۆكیش دەڵێت، حكوومەتی عێراق لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان كەمتەرخەمە.


بەرپرسی كەمپەكان لە پارێزگای دهۆك (ئیدریس ساڵح) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی هاتنی وەرزی هاوینەوە، تەواوی كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لە مەترسیی مار و دووپشك ڕشاندنیان بۆ كراوە، هەروەها تەواوی ئەو خێزانانەی لە ژێر خێمەكاندان پێویستییان بە ئامێری فێنككەرەوە هەیە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی سەر بە UN ئاگادار كراونەتەوە، ئەگەر بۆ وەرزی هاوین پێداویستییەكانی وەك موبەڕیدە، سەلاجە، پانكە، بەسەر ئاوارەكاندا دابەش نەكرێن، تووشی كێشەیەكی زۆر دەبنەوە، ئەوانیش بەڵێنیان داوە پێش هاتنی هاوین ئەو پێداویستیانە بۆ ئاوارەكان دابین بكەن".
(ساڵح) گوتیشی: "حكوومەتی عێراق لە بەرانبەر ئاوارەكانی خۆی كە لە هەرێمی كوردستانن كەمتەرخەمە و وەك پێویست ئاوڕی لە ئاوارەكان نەداوەتەوە، هیوادارین لەگەڵ گەرمبوونی كەشوهەوادا ئەوانیش بە دەم داواكاریی ئاوارەكانەوە بێن و هاوكاریی ئێمە بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لە وەرزی هاویندا بە باشترین شێوە خزمەتی ئاوارەكان بكەین".
بەرپرسی كەمپەكانی‌ پارێزگای دهۆك ئاماژەیشی دا، 17 كەمپ لە سنووری دهۆك بۆ ئاوارەكان دروست كراون و زیاتر لە 190 هەزار ئاوارە لەو كەمپانەدا نیشتەجێ كراون، ئەوانی دیكەیش لە خانووی كرێ و بینایە تەواونەكراوەكاندا نیشتەجێن.

رابین شێروانی  

هەواڵی پەیوەندیدار