ئەبوكاروان: پارتی لەگەڵ سازانە و هەڵوێستەكەی بەرز دەنرخێنین

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی فراکسیۆنی لیستی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی لەگەڵ سازانە و هەڵوێستی ئیجابیە و هەڵوێستەكەیان بەرز دەنرخێنین، ئەگەر لیژنەی ئامادەكاری دەستوور بە سیستەمی سانتلیگۆ بێت سەركەوتوو نابێت، كاتێك لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەكە دەكات ناتوانێت دەستوورێك بنووسینەوە و، كێشە و گرفت دروست دەبێت.
(ئەبوكاروان) سەرۆكی فراکسیۆنی لیستی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر بەو شێوەیە بێت كە هەندێك لایەن دەیانەوێت بە سیستەمی سانتلیگۆ بێت، لیژنەی ئامادەكاری دەستوور سەركەوتوو نابێت، تا ئێستا توركمانەكان، كەلد و ئاشوورەكان لەسەر نوێنەرەكانیان ڕێك نەكەوتوون، هەندێك لایەن دەیانەوێت ملمڵانێی حزبەكان بێنە ناو هۆڵی پەرلەمان، لە كاتێكدایە كە یاساكە باس لە سازان دەكات، ئێمەیش ئەو چوار حزبەی كە هەر یەكە و كورسییەكمان لە پەرلەمان هەیە ڕەتمان كردووەتەوە كە ئەو كورسییە وەربگرین، پارتیش تێبینی لەسەر هەیە و قەبووڵی نییە، پارتی لەگەڵ سازانە و هەڵوێستی ئیجابیە و هەڵوێستەكەیان بەرز دەنرخێنین، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەو لیژنەیە سەركەوتوو نابێت و پێویستە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بە سیستەمی سانتلیگۆ ڕێك بكەون پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیاندا بكەن و دەست بكەن بە ڕێکكەوتن."
گوتیشی: "چوار لایەنی سیاسیی نایانەوێت زۆرترین لایەنی سیاسیی لەو لیژنەیەدا بەشدار بن، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بێت ناگەنە ڕێكەوتن، ئەگەر ڕێكەوتن بەو ئاراستەیە بێت كە ئێستا هەندێك لایەن بەو سیستەمی سانتلیگۆ دەبەن، ئەنجامی ئەو پڕۆژەیە، دەستوورێكی چەند حزب دەبێت و هیچ سوودێكی نابێت بۆ هەرێمی كوردستان، كاتێك لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پرۆژەكە دەكات ناتوانێت دەستوورێك بنووسینەوە و كێشە و گرفت دروست دەبێت."
ڕابین شێروانی




