حەشدی شەعبی بێزارکەرن

خانەقین -KDP.info- سەرچاوەیەك ئاشكرای کرد، هەوڵێك لە ئارادایە بۆ كردنەوەی ڕێگای خانەقین ــ باقووبە لە ڕێگەی بەنداوی حەمرینەوە كە ماوەی ساڵێكە بەهۆی شەڕی داعشەوە داخراوە. ئەوەش دەخاتەروو ئێستا لەو ڕێگایەوە چەكدارانی حەشدی شەعبی تەنها ڕێگا بە كەسانی تایبەت بە خۆیان دەدەن هاتووچۆ بکەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین (سەمیر محەممەد نور) بە ماڵپەری پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: لە ڕێگەی بەرپرسانی دیالەوە و بە تایبەتی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر دیالە، (عەبدوڵا جبووری) هەوڵێک لە ئارادایە بۆ كردنەوەی ڕێگای خانەقین ـــ باقووبەی ناوەندی دیالە لە ڕێگەی بەنداوی حەمرینەوە.
(سەمیر محەمەد نوور) گوتیشی: "بڕیارە چەند بەرپرسێكی حكوومی ناوچەكە سەردانی خانەقین بكەن بۆ ئەو مەبەستە و دواتریش لە گەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ڕێگایە بكرێتەوە ئاخر ڕێگای سەرەكییە و ئاسانكارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەكات. پێشنیاریشیان كردووە ڕێگای خانەقین ـــ باقووبە لە ڕێگەی بەنداوی حەمرینەوە تایبەت بكرێت بە ئۆتۆمبیلی بچووك و هەروەها ڕێگاكەی ئێستایش كە بە مەندەلییەوە تێپەڕدەبێت تایبەت بكرێت بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر.
ناوبراو ئەوەشی خستەروو: حاڵی حازر ڕێگای خانەقین باقووبە لە ڕێگەی حەمرینەوە هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و تەنها چەكدارانی حەشدی شەعبی لەو ڕێگایەدا بوونیان هەیەو ئەوانیش ڕۆژانە ڕێگا بەو كەسانە دەدەن كە سەر بە خۆیانن هاتووچۆبكەن و هەروەها هاووڵاتیانی كورد بێزار دەكەن. لە لایەكی دیكەشەوە ئەگەر ئەو ڕێگایە نەكرێتەوە و ناوچەكە دوور بێت لە هاتووچۆی هاووڵاتیان مەترسی گەورە دروست دەكات بۆ گەڕانەوەی تیرۆریستان و جموجۆڵی تیرۆریستان لە سنووری زنجیرەچیاكانی حەمرین.
داعش هەر کە هات شارەدێی سەعدییە و جەلەولا و زنجیرەچیاكانی حەمرین و چەند ناوچەیەكی نزیك لە ڕێگای سەرەكیی خانەقین بەغدای داگیر کرد، حكوومەت ئەو ڕێگایە كە بە ڕێگای "ئیمام وەیس، بەنداوی حەمرین"یش ناودەبرێت داخست. هەرچەندە دواتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییە عێراقییەكانەوە تەواوی ناوچەكانی دیالە لە چەكدارانی داعش پاككرانەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێگا سەرەكییە نەكراوەتەوە و هاوڵاتیان ناچار دەكرێن بە ڕێگای مەندەلییەوە بگەنە ناوەندی دیالە. ئەم ڕێگایەش چەند كاتژمێرێك هاووڵاتیان دوورتر دەخاتەوە و هەروەها خراپی ڕێگاكەش بارگرانییەكی زۆری بۆ هاتوچۆكەران دروست كردووە.
كاروان جاف




