حکوومەت رەوشی گرتوخانەو زیندانیان باشتر دەکات

هەولێر-KDP.info-جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) ڕایگەیاند کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ هەموو تێبینی و سەرنجێك دەكات دەربارەی مافی زیندانیان و ڕاگیراوان، چونكە زیندانیان هەموو مافێكیان پارێزراوە و دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن دژی هەر كارمەندێكی حكوومی ئەگەر سەرپێچی بەرامبەر كردبێت یاخود یاساكان و مافی مرۆڤی پێشێل كردبێت، لە هەمان كاتدا هەموو زیندانییەك مافی ئەوەی هەیە پارێزەری تایبەتی خۆی هەبێت.
لە دیدارێكی نێوان ڕێكخراوی هارتلاند ئەلاینس ئەنتەرناشناڵ كە پێك هاتبوو لە خاتوو هایدی دیدریك بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراق و شاندی یاوەری لەگەڵ د. دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتێكیان كە بەر لە چەند مانگێك دەربارەی ڕەوشی زیندانیان لە هەرێمی كوردستان بڵاویان كردبۆوە هەردوو لا باسیان لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوی ناوبراویان كرد.
لەم بارەیەوە خاتوو هایدی گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین بۆ بەدواداچوونی لێژنەكەتان بۆ ڕاپۆرتەكە ئەمەش نیشانەی گرنگیدانە بەو ڕاپۆرتانە و پەرۆشیتانە بۆ نەهێشتنی هەر كەموكوڕییەك لە بارەی زیندانیان."
لە لایەن خۆیەوە د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە كرد پێویستە زانیارییەكانی ڕێكخراوی ناوبراو زیاتر ورد بن بۆ ئەوەی دەزگای ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بتوانن بەدواداچوونی وردیان بۆ بكەن و كەموكوڕییەكان دەستنیشان بكەن.
لە هەمان كاتدا ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرت و بەدواداچوونەكانیان دەربارەی حاڵەتەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان، لەم بارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەدواداچوونی خۆیان دەكەن لەسەر ئەو زانیاریانە، بەڵام پێویستە زانیارییەكان ورد و ڕوونتر بن وەك دیاریكردنی شوێن و كاتی هەر سەرپێچییەك.
زێباری هەروەها گوتی: "دڵنیاتان دەكەینەوە كە بەدواداچوون بۆ هەموو تێبینی و سەرنجێك دەكەین دەربارەی مافی زیندانیان و ڕاگیراوان، چونكە زیندانیان هەموو مافێكیان پارێزراوە و دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن دژی هەر كارمەندێكی حكومی ئەگەر سەرپێچی بەرامبەر كردبێت یاخود یاساكان و مافی مرۆڤی پێشێل كردبێت، لە هەمان كاتدا هەموو زیندانییەك مافی ئەوەی هەیە پارێزەری تایبەتی خۆی هەبێت."
خاتوو هایدی دیدریك ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ لێژنەی بەدواداچوون و وڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و گوتی: "مەبەستی ئێمە تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لە كارەكان، بەڵكو دەمانەوێ چارەسەری كەموكوڕییەكان بكەین بۆیە پێویستە لە داهاتوودا ئاڵۆگوڕی زانیاری زیاتر لە نێوانماندا هەبێت بۆ ئەوەی بە هەردوولامان گرفتەكان چارە بكەین."




