فازڵ میرانی: پارتی پابەندە بەهەر ڕێکكەوتنێک لەگەڵ لایەنەکان لەهەر پارێزگایەکدا بێت

سلێمانی -KDP.info- (فازڵ میرانی) و (مەلا بەختیار) لە پرێسکۆنفرانسێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتییان بۆ مێدیاکاران ڕوون کردەوە؛ (فازڵ میرانی) بۆچوونی وایە کە بە لێکتێگەیشتن دەتوانرێت هەموو کارێک یەکلا بکرێتەوە نەوەک بە ڕاگەیاندن و ڕەخنەگرتن و، (مەلا بەختیار)ـیش دەڵێ، هەلومەرجێکی تایبەتی هاتووەتە ئاراوە دەبێ پارتی و یەکێتی و گشت لایەک بیقۆزنەوە.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە، لە پرێسکۆنفرانسێکدا (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتهبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەوەری کۆبوونەوەکەیان بۆ میدیاکاران خستە ڕوو.
لە دەستپێکدا (فازڵ میرانی) لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هێشتا ژمارەیەک پۆست ماون لە کابینەی حکوومەتدا دابەش بکرێن، ڕایگەیاند کە ئەم دابەشکردنە بە ڕەخنە و بە ڕاگەیاندن ناکرێ بەڵکو بە تێگەیشتن دەکرێ. هەروەک باسیشی کرد کە لەگەڵ ڕەخنەداین و ناشکرێ لە ڕەخنە هەڵبێین. گوتیشی، لیژنەی دانوستانکار هەیە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە، حزبەکان بەشدارن لە کابینەدا، بەڵام پرسی دابەشکردنی پۆستەکان بە گوێرەی ئەو کورسیانەی کە حزبەکان هێناویانە بە لێکتێگەیشتن دەکرێ، هەروەک نموونەی هێنایەوە کە لە ئەمەریکا کۆماری و دیموکراتەکان بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکان لە هەڵبژاردن پۆستەکان دابەش ناکەن و، لە بەریتانیایش بە هەمان شێوەیە "ناکرێت حزبێک لە 4%ی دەنگەکانی بە دەست هێنابێت و داوای 4%ی هەموو فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم بکات هەتا دەگاتە کارگوزاریش".
سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و دەستوور (میرانی) گوتی کە ئەمە پرسێکە پەیوەندیی بە هەموو کوردستان و گشت حزبەکانەوە هەیە، بۆیە پێویستی بە گفتوگۆی ئارام و نەفەسێکی ئارام هەیە لەسەر تاوتووکردنی ئەو پرسە، "ئەم پرسە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە بە ئارامی قسەی لەسەر بکرێت، نەک لە ڕێگەی میدیاکانەوە موزایدەی پێوە بکرێت".
لەبارەی ڕووداوەکەی مەهابادیشەوە، (مەلا بەختیار) گوتی، کە تاوانبار لە هەر شوێنێک دەرکەوت کە تاوانبارە دەبێ سزا بدرێ.
لە بابەت گرینگترین خاڵی هاوبەشی کۆبوونەوەکەیش (مەلا بەختیار) دەڵێ، خاڵی هاوبەش ئەوە بوو کە هەلومەرجی بابەتی هاتووەتە پێشەوە؛ ئەمەش دەبێ بە کۆکردنەوەی ئەرکە ناوخۆییەکانمان بێتە دێ و هەلەکە بقۆزینەوە پارتی و یەکێتی ببن بە بەشێک لە چارەسەر.
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی هەولێر کە بۆچی لایەنەکان تا ئێستا بە تەواوی پۆستەکان پێ نەدراوە؟ (میرانی) گوتی پارتیی پابەندە بەهەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ لایەنەکان لەهەر پارێزگایەکدا بێت.




