٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەختیار شاوێس: ئەگەر هەرێم لەسەر پێشێلكاریی بەغدا ڕێوشوێن نەگرێتە بەر، ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "بەغدا بڕپارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستانی بڕیوە،‌ بۆیە چاوەڕوانی هەرێمی كوردستانین تا بزانین وەڵامیان چی دەبێت، ئەگەرنا ئێمە لە بەغدا ڕێكاری تایبەت دەگرینە بەر".

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. بەختیار شاوێس) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەسەر بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2015ـدا، ئێمە ڕێگایەكمان لە بەردەمە، ئەویش كۆكردنەوەی واژۆیە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە و دواتر ناردنی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ڕوونكردنەوەمان لەسەر بڕینی پشكی بودجەی مانگی نیسانی 2015 بداتێ، لە كاتێكدا هەرێم بە ناردنی نەوتەوە پابەند بووە".

(شاوێس) گوتیشی: "دەكرێت ڕاستەوخۆ پرسیارەكان بنێرین بۆ وەزارەتی دارایی و روونكردنەوەمان لەو بارەیەوە بداتێ".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "چاوەڕوانی هەرێم دەكەین بزانین وەڵامیان لەو بارەیەوە چییە، ئەگەرنا ئێمە ڕێكاری تایبەت دەگرینە بەر".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێت: "بۆ مانگی نیسان بەغدا 400 ملیار دیناری لە هەرێم بڕیوە، بۆیە دەبێت بەغدا بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی هەردوولا و پابەند بێت بە یاسای میزانییەی 2015 و چارەی ئەو هەڵەیە بكات".

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار