كارتی هەمیشەیی دەنگدان بۆ دەنگدەر دروست دەكرێت.. وێنە و پەنجەمۆریشی دەخرێتە سەر

هەولێر-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كارتی هەمیشەیی دانگدان بۆ دەنگدەران دروست دەكات، كە وێنە و پەنجەمۆری دەخرێتە سەر، پڕۆسەكەیش تا كۆتایی ساڵی 2015 بەردەوام دەبێت، هاوكات لە دەڤەری سۆران دەست بەو پڕۆسەیە كراوە و سەرەتا وێنە و پەنجەمۆری فەرمانبەران وەردەگیرێت.
بەرپرسی لقی سۆرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق (هەندرێن سەید ئەحمەد)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وێنە و پەنجەمۆری ئەو كەسە وەردەگرین و دواتر داتاكە رەوانەی بەغدا دەكەین، ئەوانیش رەوانەی سویسرای دەكەن و لەوێ كارتی هەمیشەیی دەنگدان بۆ دەنگدەر دروست دەكرێت".
(سەید ئەحمەد) گوتیشی: "ئێستا لە شارەدێی دیانا دەستمان بەو پڕۆسەیە كردووە، سەرەتا بۆ فەرمانبەران وێنە و پەنجەمۆر دەگرین، دواتر ڕێنمایی نوێ دێت، پاش تەواوكردنی شارەدێی دیانا دەچینە سۆران، لە هەر چوار شارۆچكەی دەڤەری سۆران، بە هەر دوو شارەدێی بالیسان و هەریرەوە، تەنیا یەك بنكە هەیە و هەموویان سەر بە ناوەندی سۆرانن، هەروەها پڕۆسەی چاپكردنی كارتی هەمیشەیی دەنگدان، تا كۆتایی ساڵی 2015 بەردەوام دەبێت و ئەو كارتانەی كە پێشتر هەبوون، نامێنن و كارتی هەمیشەیی دروست دەكرێت".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن ڕوونیشی كردەوە: "ئەم كارتە نوێیە وێنە و پەنجەمۆری دەنگدەری دەخرێتە سەر، تاكو چیتر دەرفەتی ساختەكاری و دەنگدانی دووبارە نەمێنێت، كارتەكەیش هەمیشەییە و پرۆسەكە لەدایكبووانی 1997 دەگرێتەوە و دەتوانن ببنە خاوەنی كارتی هەمیشەیی دەنگدان".
رابین شێروانی




