بڕیار لەسەر پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەدرێت.. بۆ گەڕاندنەوەی مافی خەڵكە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارە ئەم هەفتەیە بڕیار لەسەر بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بدرێت و كاری پێویستی لەبارەوە بكرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەیە ماف بۆ خەڵك بگەڕێنرێتەوە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (د.فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لەسەر گرفتی نیشتەجێبوون حكوومەتی هەرێم لیژنەیەكی پێك هێنا و سەرۆكی وەبەرهێنانی پارێزگاكان (عوسمان شوانی) كرایە سەرۆكی لیژنەكە، كارەكانی خۆی بە باشی ڕاپەڕاند و كۆمەڵێك ڕاسپاردەی خۆی ڕاگەیاندە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان كە سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیە و دوو ڕۆژیان تەرخان كرد بۆ كۆبوونەوەكان لەو بارەیەوە".
(سۆفی) گوتیشی: "دواجار لیژنەكە گەییشتنە كۆمەڵێك ڕاسپاردە و، بڕیارە ئەم هەفتەیە كۆمەڵێك بڕیار دەربكەن هەم بۆ سزادانی ئەو كەسانەی سەرپێچییان كردووە، هەم بۆ گەڕانەوەی مافی خەڵكی مافخوراو، ئەوانەی بڕیاری دەسگیركردنیان بۆ دەرچووە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیشی دا: "ئێمە وەك لیژنەی دەستپاكی، چاوەڕوانی بڕیار و ڕاسپاردەكانین، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەكان ئێمەیش ڕێكاری تایبەت دەگرینە بەر".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، سەرجەم ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەیە، لەلایەن لیژنەكەوە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و بەدواداچوونی وردیان بۆ دەكرێت.
كارزان سەباح هەورامی




