دەستەی سەرۆكایەتیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا دادەمەزرێت

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێكهێنانی فڕاكسیۆنێكی كوردستانی لە بەغدا لە نێوان فڕاكسیۆنە كوردییە بەشداربووەكانی پەرلەمانی عێراقدا، پێویستە و پێگەی كورد بەهێز دەكات. دەشڵێت، مەكتەبی سیاسیی حیزبەكان ئاگادار كراونەتەوە تا دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكەن.
بڕیاردەری فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەدا مێرگەسۆری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دواكۆبوونەوەی نێوان سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، باس لە زەروورەتی پێكهێنانی هاوپەیمانەتی بۆ گشت فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا كرا و بە پێكهێنانیشی پێگەی كورد بەهێز دەبێت، هەموویشیان لەگەڵ ئەوەدان ئەم هاوپەیمانەتییە دروست بكرێت".
(مێرگەسۆری) گوتیشی: "هەرچەندە راشكاوانە دەتوانم بڵێم ئێمە لە بەغدا لەسەر زۆربەی هەرەزۆری خاڵە نەتەوەییەكان كە پێوەستن بە هەرێمی كوردستان و كوردەوە، یەكدەنگ و یەكڕەنگ و یەكهەڵوێستین، بەڵام بوونی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر پێویستیان بە تەوافوق هەیە و، ئێمەیش وەكو فڕاكسیۆنی پارتی، گەورەترین كوتلەی كوردستانین لەناو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و یەكێكین لە گەورەكوتلەكانی دیكەی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، بۆیە سەرۆكایەتیی هاوپەیمانەتییەكە بە مافی خۆمان دەزانین كە بۆ پارتی بێت، بەڵام تا ئێستایش كۆبوونەوەكان بەردەوامن تا لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانی رێك بكەوین."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە پێویستە مەكتەبی سیاسیی حیزبەكانی بەشداربووی پەرلەمانی عێراق، بڕیار لەسەر دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكە بدەن و ئاگادار كراونەتەوە، هیوادارین ئەو كۆبوونەوەیەی هەفتەی پێشوو، هەنگاوی یەكەم و نزیك لە كۆتایی بێت بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانەتیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا."
نەشوان بەرزنجی




