لە سەردەشت ٣٠ کەس دەستگیر کراون

سەردەشت-KDP.info- لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ٣٠ کەس دەستگیر کراون، کە سێیان ژنن. سەرچاوەیەکیش دەڵێت، ئەم بەیانییە بنەماڵەی ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستگیر کراون، لەبەردەم ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەردەشت کۆ بوونەتەوە و داوای ئازادکردنی گیراوەکانیان کردووە.
ئێوارەی رۆژی شەممە 9-5-2015 بەسەدان هاونیشتمانی شاری سەردەشت لە مەیدانی سەروچاوێ گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و بەرەو مەیدانی (سەڵاحەدین ئەیوبی) خۆپیشاندانیان سازدا. بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران رووبەڕوویان بوونەوە و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و ٣٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران، کە سێیان ژنن و تائێستا لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سەردەشت دەستبەسەرن.
هاوکات ناوەندی بەرگری مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا، دەڵێت "لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان و مەریوان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس و هێزی ئەمنی بڵاو کراونەتەوە، هەروەها لە شاری مەهابادیش بە بڕیاری ئیدارەی ئیتڵاعاتی شارەکە هێڵی ئینتەرنێت بڕاوە".
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لە هەریەک لە وڵاتانی نۆروێژ و سوێد خۆپیشاندانێک بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی مەهاباد بەڕێوە بچێت و گیانلەدەستدانی (فەریناز خوسرەوانی) کچە کوردی کارمەندی هۆتێل تارا ئیدانە بکرێت.
دوای رووداوی گیانلەدەستدانی کچە کارمەندی هۆتێلی تارا لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان ئەنجام دراوە.
ڕووداو




